لە بەنداوی تشرینەوە: ساتێکی پێشوازی دایکێکی کورد لە دایکێکی عەرەب
دایکێکی کورد کە بە جلی نەریتی کوردی ڕازاوەتەوە، لە بەنداوی تشرین، کە ڕۆژو شەوی بەرخۆدانی تێدا کردووە، ناوی خۆی لە مێژوودا دەنووسێت و بە دڵێکی گەرم و پڕ لە خۆشەویستییەوە پێشوازی لە دایکێکی عەرەب دەکات.

سۆرگوڵ شێخۆ
تشرین-بەرخۆدانی بەنداوی تشرین لە ٦٦-ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر دانیشتووانی کانتۆنی جزیرە لە شارەکانی قامیشلۆ و عامودا و تل حەمسەوە کە ماوەیەکی زۆرە ئێشکگرییان ئەنجامدابوو، لە نیوەڕۆدا بەخێرهاتنی دانیشتووانی کانتۆنی ڕەققە و دێرەزوور و تەبقا و هەروەها بەشێک لە ئاوارەکانی عەفرینی دانیشتووی ئەو ناوچانەیان کرد.
ئەو ساتەی سەرنجی ڕاکێشام، ئەو ساتە بوو کە دایکێکی کورد بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئومێدەوە پێشوازی لە دایکێکی عەرەب کرد و لە دڵەوە لە باوەشی گرت و ماچی کرد، ڕەنگە ئەمە ساتێکی ئاسایی بێت، بەڵام نیشانەی خوشکایەتی و برایەتییە نێوان گەلاندا، هەرچەندە دوژمنانی مرۆڤایەتی هەمیشە ویستوویانە لە بەرامبەر یەکتردا چاڵ هەڵبکەنن و خوێنیان بڕێژن و شەڕی تایفەگەرییان بۆ دروست بکەن، کورد و عەرەبی دانیشتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ بە پێکەوەیی مێژوویی خۆیان دەپارێزن و هەموو پلانەکانی دوژمن سەبارەت بە بەنداوی تشرین پووچەڵ دەکەنەوە.
ئامێزگرتنی یەکتر واتە قبوڵکردنی کولتوور و زمان و جیاوازیەکان، تەنها باوەش و ماچێکی ئاسایی نییە، دایکی کورد دایکێکی عەرەبی لەباوەش گرت و بارگرانییەکەی بۆ هەڵگرت و بە شێوەیەک پێشوازی لێکرد کە هەرگیز گەرمییەکەی لەبیر نەکات، پێکەوە هێمای سەرکەوتنیان بەرزکردەوە و دروشمی "بە خوێن و گیان، ئێمە قەسەدەیان"یان بەرزکردەوە.
گەرمی پێشوازی و هەستکردن بە لێدانی دڵی یەکتر لەسەر بەنداوی تشرین
ئامینە عەساف، دایکی شەهید میزری عەبدوڵا، بۆ یەکەمجار لە ڕەققەوە بەرەو بەنداوی تیشرین دەڕوات، سەبارەت بە هاتنی وتی: تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و ڕێگە نادەین دوژمن تەنانەت یەک هەنگاویش بەرەو بەنداوەکەمان بنێت، دایکێکی کورد بەشێوەیەک بەخێرهاتنی کردم کە ویستم جارێکی تر بێمە سەر بەنداوەکە، ئێمە ناهێڵین خوێنی شەهیدەکانمان بێهودە بڕوات، دەستکەوتەکانیان لە داگیرکاری تورکیا دەپارێزین و ئێمە خاوەنی یەکترین.
ڕەنگینی جوانە
سیهام سلێمان باسی لەوەکرد، بەنداوەکە بە هەموو نەتەوەکانیانەوە پێشوازی لە دانیشتووانی ڕەققە و دێرەزوور و تەبقا دەکات بە کورد و عەرەب و سریانی و ئەرمەنی و چەرکەسی و تورکمانەوە و دڵخۆشی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: سەرکەوتن نزیکە، ئێستا گەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی و سەرکەوتنمان نزیکە، ڕەنگینی جوانە، ڕانگێک بەتەنها ڕەنگ ناداتە جیهان، بۆیە ڕەنگینی زۆر باشە و هەموو میللەتێکمان خۆشدەوێت، چونکە ئێمە زۆر ئاشتیخوازین، خوێنڕشتنمان ناوێت، بەسە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بەهۆی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە و پێکەوە خۆمان و خاک و وڵاتەکەمان دەپارێزین.