لە غەززە بەهۆی هێرشە ئاسمانییە قورسەکان ٣٣ کەس کوژران

بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵە مەدەنییەکان و چادری ئاوارەکان و ئەوانەی چاوەڕێی یارمەتیە مرۆیەکان بوون لە چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە، ٣٣ فەڵەستینی کە ٨ کەسیان کارمەندی یارمەتیە مرۆیەکان بوون کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هێزەکانی ئیسرائیل جینۆساید دژی فەڵەستینیەکان ئەنجام دەدەن، لەوانە کوشتن، برسیکردن، وێرانکردن و ئاوارەبوون، بە پشتگوێخستنی بانگەواز و فەرمانە نێودەوڵەتیەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی شەڕەکە، لە شەڕی بەردەوامدا ٦٢ هەزار و ٦٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥٦ هەزار و ٥٧٣ کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و زیاتر لە ٩ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن، بە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون، هەروەها برسێتیەک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٦٦ کەس کە ١١٢ کەسیان منداڵ بوون.

 

لەناو ئەو قەیرانە توندەی مرۆیی لە غەززە بەردەوامە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕی جینۆساید، لەوانە ئاوارەبوون، وێرانکاری، کوشتن، بەئامانجگرتنی هاوکاریخوازان و ڕوخاندنی ماڵە مەدەنیەکان.

 

فڕۆکە ئیسرائیلیەکان هێرشی توندوتیژیان دەستپێکرد و ناوچەیەکی فراوانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج کە لە ڕۆژهەڵاتی جبالیای باکووری کەرتی غەززە چڕبوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هێرشە ئاسمانیەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی زەیتون و دەرەج و ناوچەکانی دیکە، هەروەها زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ناوچەکانی دێر بلاح و خان یونسیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی مەدەنی بە شێوەیەکی بەرفراوان وێران بوون.

 

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠ی ئاب، هێزەکانی ئیسرائیل ماڵە مەدەنیەکان و چادری ئاوارەکان و ئەوانەی چاوەڕوانی یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆردوومان کردوووە و ٣٣ فەڵەستینییان کوشتووە کە لە ناویاندا هەشت هاوکارخوازی لە گەڕەکی سەبرە لە باشووری کەرتی غەززە بوون.

 

لە چوارچێوەی پلانێکی وردە وردە بۆ داگیرکردنەوەی کەرتی غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە کوشتن و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ڕوخاندنی ماڵەکانیان لە گەڕەکی زەیتون، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پلانێکی پەسەند کرد بۆ داگیرکردنەوەی وردە وردە تەواوی کەرتی غەززە، لە شاری غەززەوە دەستپێدەکات بە ئاوارەکردنی نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی و گەیشتن بە ناوچەکانی باشوور و دواتر گەمارۆدانی شارەکە و ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان.