لە فەرەنسا ناگیهان ئەکارسەل بە بیرهێندرایەوە
ئەکادیمیای ژنولۆژی وتەڤگەری ژنانی کوردی فەرەنسا "تەژەئا-فەرەنسا" لە فەرەنسا، بۆ یادی ژنانی تێکۆشەر کە بوونەتە قوربانی تیرۆر، وۆرکشۆپێكی بەرفراوان بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەسەر بانگهێشتی ئەکادیمیای ژنولۆژی و تەژەئا-فەرەنسا و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژە جیاوازەکان وۆرکشۆپێکی ژنان بەڕێوەچوو.
لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان بەشدارییان لە وۆرکشۆپێكەدا کرد و سەبارەت بە فێمینیزم، یادەوەرییە مێژووییەکان و تێگەیشتن لە تێکۆشانی ژنان بۆ ژیان و پێشکەشکردنی وەڵامە گشتیەکان بۆ کێشەکان، گفتوگۆیان کرد.
لە دەقی بانگهێشتنامەی وۆرکشۆپەکەدا کە بە سەرپەرشتی لیسۆن نۆئێل دەستی پێکرد هاتووە: “ژنان لە هەموو جیهاندا دەکرێنە ئامانج، بێسەروشوێن دەکرێن و دەکوژرێن، چونکە بەدوای ژیانێکی ئازاد، شکۆمەند و دادپەروەریدا دەگەڕێن، لە سێیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل، سڵاو لە پانێڵەکانتان، گفتوگۆ و چالاکییە هونەرییەکانتان دەکەین، لە دژی جینۆسایدی ژنان و پرسی سیاسی ئامانجمان ئەوەیە کە گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر هۆکار، ئامانج و کاریگەرییەکانی فێمینیزم بکەین و ئەزموون و ڕوانگەی جیاواز هاوبەش بکەین.
وتاری دەستپێکی وۆرکشۆپەکە لەلایەن مەراڵ چیچەک ئەندامی تەژەئا- ئەوروپا پێشکەشکراو وتی: سەرەتا سوپاسی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەکەم کە ئەم وۆرک شۆپە بەنرخەیان سازکردووە، بەناوی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا، سڵاو لە سەرجەم وتاردەران و بەشداربووان دەکەم، لە کەسایەتی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەلدا، بە حورمەت و ڕێزدارییەوە هەموو ئەو ژنە ئازادیخوازانە یاد دەکەینەوە کە لە پێناو بنیاتنانی ژیانێکی شکۆمەند، یەکسان و ئازاددا گیانیان بەخت کرد.
لە بەردەوامی قسەکانیدا مەراڵ سەبارەت بە ئامانجی وۆرک شۆپەکە وتی: جینۆسایدی ژن – ژنکوژی- دەكرێت بە درێژترین شەڕ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وەسف بکرێت، هەروەها ئەم شەڕە بووەتە هۆی گەورەترین پچڕانی مێژووی کۆمەڵایەتیبوون، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، ژنانێکی زۆر لەلایەن پیاوانەوە کوژراون تەنها لەبەر ئەوەی ژن بوون و زۆربەی بکوژەکان یان ئەوانەی بەرپرسیارن لە ڕووداوەکان دادگایی نەکراون و بێ سزا هێڵدراونەتەوە، تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانە بۆ دادپەروەری، حەقیقەت، دژی کۆمەڵکوژی ژنان، بۆ سەکینەکان، ناگیهانەکان و ئەڤینەکان کە لە پاریس و لە هەموو جیهان شەهید کران. بۆ بێرتا کاسێریس، لیۆنێلا تاپداسان پێسادیلا، ماریێلا فرانکۆ، نۆکسۆلۆ نۆگوازا، دولسی سێپتەمبەر و هەموو ئەو چالاکوانە ژنانەی کە بوونەتە قوربانی تیرۆرە سیاسییەکان.
هەروەها باسی لەوەشکرد، بۆ خوشکەکانمان لە ئەفغانستان، سووریا، زیندانەکانی ئێران، ئەفریقا، ئەبیا یالا، ئۆکرانیا و فەلەستین. لە سەرانسەری جیهان، کەمپەینەکان بە ناونیشانی ‘ژن ژیانە، ژیان مەکوژن’، ‘نامووسی کەس نیین، نامووسمان ئازادیمانە’، ‘نا بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کەلتوور’ و ‘نا بۆ قڕکردنی ژنان’، لە ڕێگەی ئەم کەمپینانەوە هەم لە نێو کۆمەڵگەی کورددا تێگە هەڵەکان سەبارەت بە نامووس و بیرکردنەوەی ڕەگەزپەرەستی خرایە ژێر پرسیارەوە هەم بە ڕێکخستنی هاوبەشی ژنانی نێونەتەوەیی تێکۆشانی هاوبەش ئەنجام درا، دەبێت ئەم کار و خەباتانە بەمجۆرە بەردەوام بێت و بە دیدگای ژنۆلۆژی هەندێک بە هێزتر پەرەیپێدبرێت.
مەراڵ چیچەک لە کۆتایشدا وتی: قڕکردنی ژنان دیاردەیەکی بێکات و بێشوێنە، بە شوێنێک یان قۆناغێک سنووردار نییە، دەمانەوێت ڕێگری لە قڕکردنی ژنان بگرین. بۆ ئەمەش دەڵێین دەبێت یەکتر بپارێزین، خاوەندارێتی لە یەکتر بکەین، فۆڕمی کۆنکرێتی پشتگیری و تێکۆشانێکی هاوبەشی کاریگەر پەرەپێبدەین.
دواتریش ئەلیف کایا لەسەر ناوی ئەکادیمای ژنۆلۆژی بۆ چارەسەری پرسی ژنان قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕێگریکردن لە قڕکردنی ژنان هەم قورسە و هەم زەحمەتە هەربۆیە تێکۆشانێکی فرەلایەنی دەوێت، ئەوکات لە ڕێگەی ڕێکخستنە جەماوەرییەکانەوە، بە پەرەپێدانی خەباتە ئایدیۆلۆژی و دامەزراوەییەکان، بە کۆبوونەوە لە دەوری خاڵە هاوبەشەکان، بە درووستکردنی تۆڕ لە نێوان ئەزموونە جیاوازەکاندا، بە بنیاتنانی پلاتفۆرمی هاوبەش دەتوانین ڕێگری لە قڕکردنی ژنان بگرین.
لە دوای پەیامەکان وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆ، پانێڵ، بەرنامەی کلتووری و هاوبەشکردنی زانیاری بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا ژنان بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “ژنان، ژیان، ئازادی” کۆتاییان بە وۆرک شۆپەکە هێنا.