لە دووەمین ساڵیادی دەسەڵاتی تاڵیبان ڕێپێوانی ناڕەزایەتی لە کابول بەڕێوەچوو
ژنانی خۆپیشاندەر لە کابول داوای بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانیان کرد دژی دەسەڵاتی تاڵیبان.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/08/20230815-15-08-2023-2c7fbapre-jpg29167c-image.jpg)
کابول- لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١، تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، بەپێی ئەو پلانەی کە لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە داڕێژراوە، ئەمڕۆش دووەمین ساڵیادی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستانە، دوو ساڵی ترسناک تێپەڕی کە تاڵیبان قێزەونترین پێشێلکاری دژ بە ژنان ئەنجام داوە، مێژووی کۆنترۆڵ ڕووخانی دوایین نیشانەکانی ئازادی و مرۆڤایەتی بووە، کە تیایدا خوێندکارانی کچ لە خوێندن بێبەش کراون و سەرەتاییترین مافەکانیان لێ قەدەغەکراوە.
ژنان و چالاکوانانی ئەفغانی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ئاب، لە دووەمین ساڵیادی داگیرکردنی تاڵیباندا، ڕێپێوانێکی ناڕەزاییان لە کابول ئەنجامدا.
لە میانەی ڕێپێوانەکەدا خۆپیشاندەران ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و تاڵیبانیان شەرمەزار کرد و نووسراوی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نە ئەمریکا، نە تاڵیبان، دەسەڵات لە دەستی گەلدایە" بەرزکردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە لە ڕۆشنایی ئەم پێشێلکارییانە و کردەوە خنکێنەرەکانی سەر ژنان، ژنان دەنگی خۆیان بەرزدەکەنەوە و تێکۆشان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان، لە کاتێکدا ئەو ژنانەی کە ڕێپێوانی خۆپیشاندانیان ڕێکخست بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان دژی تاڵیبان و داوایان لە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا کرد دژی ستەمکاری و چەوساندنەوە بوەستن.