لە دوێنێوە دەوڵەتی تورک بەردەوام بۆردوومانی باشووری کوردستان دەکات
ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چڕى بۆردوومانی هەریەکە لە گوندەکانى گوهەرزی و کانی بەلاڤێ و چیاى مەتینایان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە دهۆک کرد و بەهۆیەوە زیانێکى زۆر بەر ژینگەى ناوچەکە گەیشتووە.

ناوەندی هەواڵ
لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە نزیکەی هەزار سەرباز و ٣٠٠ تانک و زرێپۆشی سەربازییەوە لەشکرکێشییەکی نوێی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکرد و ٩ بارەگای نوێی کردەوە، بەو هۆیەوە ١٨٤ خێزانی ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کردووە و بە بەردەوامیش بۆردوومانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکات.
بەپێى زانیارییەکان، ئەمڕۆ ٩ی ئاب فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چڕى بۆردوومانی هەریەکە لە گوندەکانى گوهەرزی و کانی بەلاڤێ و چیاى مەتینایان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد.
هەروەها، هێرشەکەى دەوڵەتى تورک بۆسەر سنوورى ئەو گوندانەى سنوورى ئامێدى بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بەردەوام بووە و بەهۆیەوە زیانێکى زۆر بەر ژینگەى ناوچەکە گەشتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی گوندەکانی سەفرەو گەڵاڵەو شاخەڕەشی لە شارباژێری سلێمانی کردو بەهۆی ئاگرێکی فراوان کەوتەوە.