لە دێرک، لەسێدارەی ئێران دژی ژنان شەرمەزار کرا

لە شاری دێرک، سزای لەسێدارەدان کە ئێران بەسەر چالاکوان شەریف محەمەدی و ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزیدا سەپاندبوو، بە بەیاننامەیەک شەرمەزار کرا و بانگەوازی وەستانەوە لە دژی سزای سێدارە کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار، دەیان ژنی خەڵکی شاری دێرک لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەردەم بینای کۆنگرەی ستار کۆبوونەوە، ئەو ژنانە بە بەیاننامەیەک سزای لەسێدارەدانیان شەرمەزار کرد کە ڕژێمی ئێران بەسەر چالاکوان شەریفە محەمەدی و ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزیدا سەپاندوویەتی.

 

 بەیاننامەکە لەلایەن هێڤین حاجی، ئەندامی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوەو ئاماژە بەوە کراوە کە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو دوو چالاکوانە بەشێکی کەم لە سیاسەتی ستەمکارانە و پێشێلکردنی مافەکانە کە ڕژێمی ئێران ئەنجامی دەدات.

 

"پێویستە ژنان داوای ماف و ئازادی خۆیان بکەن"

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئەو کارانەی ڕژێمی ئێران شەرمەزار کراو تێیدا هاتووە: داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ دەکەین دەستبەجێ ئەو سزای سێدارەیەی کە بەسەر چالاکوانان شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزیدا سەپێندراوە هەڵپەسێرن،هەروەها داوا لە هەموو ژنان دەکەین هەڵوێستی خۆیان لە دژی سزای لەسێدارەدان نیشان بدەن و داوای ماف و ئازادی خۆیان بکەن.