لە چوار ساڵی دەسەڵاتداری تاڵیباندا ئەفغانستان شایەتی توندترین قەیرانی مافی مرۆڤە
لە چوارەمین سالەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕەخنەی نێودەوڵەتی لە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان پەرەی سەندوە، ئەوەش دوای دەرکردنی زیاتر لە ١٠٠ فەرمانی دژ بە ژنان و زەوتکردنی مافە سەرەتایەکانیان.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٨ی ئاب، فریشتە عەباسی، لێکۆڵەری ئەفغانستان لە ڕێکخراوی "هیومان ڕایتس وۆچ"، پەیامێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە، کە لە چوارەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاڵیبان، ڕەخنەی لە بەردەوامی سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ ژنان گرت و جەختی لەوەکردەوە، کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ژنان قوربانی سەرەکی سیاسەت و سنووردارکردنی تاڵیبان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتوەت دەست، وڵاتەکە ڕوبەڕوی یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی مافی مرۆڤ و مرۆی جیهان بووەتەوە، نزیکەی ٢٣ ملیۆن ئەفغانی کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ ڕوبەڕوی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە، هاوکات ئەو ئەفغانیانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، دەگەڕێنەوە ماڵەوە، یان لە زێدی خۆیان دەردەکرێن، ڕوبەڕوی ڕێژەی بەرزی بێکاری و داڕمانی سیستەمی تەندروستی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتیە مرۆیەکان دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ژنان ڕوبەڕوی سنووردارکردنی توند دەبنەوە بۆ خوێندن، دامەزراندن، ئازادی ڕادەربڕین و جوڵە، ڕێکخراوەکە و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەندامەکانی دیکە کوشتنی دەرەوەی دادگا و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دەستگیرکردنی ئارەزومەندانە و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکەیان لەگەڵ بەرپرسانی پێشوی حکومەت بەڵگەدار کردوە.
فریشتە عەباسی ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبانی بە "بیرهێنانەوەی توندی ترسناکی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ" پێناسە کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە چوارەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان بیرهێنانەوەیەکی توندە بۆ پێشێلکاریە بەربڵاو و قورسەکانی ئەفغانستان، بەڵام هاوکات بانگەوازێکە بۆ کردەوە، داوای لە هەموو حکومەتەکان کرد گەڕانەوەی زۆرەملێی ئەفغانیەکان ڕابگرن و تێپەڕینێکی سەلامەت بۆ ئەوانەی لە مەترسیدان مسۆگەر بکەن، دەبێت ئەو حکومەتانەی هاوکاری تاڵیبان دەکەن، فشار بخەنە سەریان بۆ ئەوەی کۆتای بە پێشێلکاریەکانیان دژی ژنان بهێنن.
فریشتە عەباسی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، داوای لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە دەستبەجێ میکانیزمێکی لێپرسینەوەی گشتگیر لە ئەفغانستان دابمەزرێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەی پێشێلکاریە گەورەکان و تەواوکەری کارە گرنگەکانی پسپۆڕانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەفغانستان.
"ژنان هەموو مافەکانیان لێ زەوت کراوە"
هاوکات جۆرجێت گاگنۆن، جێگری ئەفسەری سیاسی نێردەی هاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەفغانستان جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا لە ماف و شکۆی مرۆڤی خۆیان بێبەش کراون.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ژنان لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون، سنووردارکردنی توندی پەروەردە و دامەزراندن و ئازادیە کۆمەڵایەتیەکان ژنانی لە هەموو کایە گشتیەکاندا پەراوێزخستوە و پاڵیان پێواوە بۆ پەراوێزی کۆمەڵگە، دورخستنەوەی ژنان لە بواری پەروەردەی و ئابووریدا، گورزێکی وێرانکەری لە گەشەسەندنی بەردەوام لە وڵاتێکدا داوە کە بەدەست قەیرانی ئابووری و هەژاری دەناڵێنێت و پشتبەستن بە یارمەتیە دەرەکیەکانەوە دەبەستێت، ئێستا بەرەو گۆشەگیری و کەم گەشەسەندنی زیاتری نێودەوڵەتی دەڕوات و توانای مرۆی ژنان لاواز دەکات.
تاڵیبان بە سەپاندنی زیاتر لە ١٠٠ فەرمانی سنووردار بەسەر ژناندا، بە ڕونی سروشتی ئایدیۆلۆژی و پاوانخوازانەی خۆی نیشانداوە، ڕەوتێک کە بە شێوەیەکی کاریگەر نیوەی کۆمەڵگە بەدەر دەکات، سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ و ناڕەزایەتی چالاکوانی مەدەنی، تا ئێستا تاڵیبان هیچ نەرمیەکی نیشان نەداوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەبێ ستراتیژییەکی گشتگیر و هەماهەنگ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، و تێکەڵەیەک لە فشاری سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی، گۆڕانکاریەکی بەرجەستە لە پێگەی ژنانی ئەفغانیدا بەدور دەزانرێت.