لە بەغدا ژنان دژی پەسەندکردنی هەموواری یاسای باری كەسی گردبوونەوە
ئەمڕۆ لە ناوەندی بەغدای پایتەخت دەیان ژن بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکی فراوان دژی پەسەندکردنی یاسای باری كەسیی کرد و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەنگدانی پەرلەمان لەسەر یاساكە نیشاندا.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢١ی کانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق هەموواری یاسای باری كەسی پەسەند كرد، كە ئەمە دواتر كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوە، چەندین گردبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە هەرێمی كوردستان دژی یاساكە بەڕێوەچوو.
بەپێی هەمووارەكە بڕگەی پێنج لە مادەی ١٠دا هەڵوەشێنراوەتەوە، كە تیایدا ڕێگری لە هاوسەرگیرییەك دەكات كە لە دەرەوەی دادگا بكرێت، ئەم یاسایەش ماوەی ١٥ ساڵە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكات، بەڵام هەموواری یاسای باری كەسیی حكومەت ناچاردەكات، كە هەموو هاوسەرگیرییەك لە دەرەوەی دادگا پەسەند بكات و هیچ دەسەڵاتێك بۆ دادوەر و دادگا ناهێڵێتەوە.
ئەمڕۆ ١ی شوبات، لە ناوەندی بەغدای پایتەخت گردبوونەوەیەکی فراوان بە بەشداریی دەیان ژن و چالاكوان دژی پەسەندکردنی یاسای باری كەسیی ئەنجامدرا، بەشداربووان پانکارتی ڕەتكردنەوەی یاساكەیان بەرزكردبووەوە.
لە پانکارتەکان نووسرابوو، "هەموواركردنەوەی یاسای باری كەسی لەسەر بنەمای تائیفی ڕەگەزی بووە".