لە باشووری کوردستان بەهۆی دەوڵەتی تورکەوە ٦٠٢ گوند لەژێر مەترسی چۆڵکردندان
ئەندامێکی سی پی تی ئاشکرایکرد، گوندەکانی نپاخێ و بێرکەکورێ و کافیا لە چیای گارە، بەهۆی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکەوە چۆڵکراون و نزیکەی ٤٠٠ گوند ناتواندرێت ئاوەدان بکرێتەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250208-j-jpga2e80a-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامی هەیە، ڕۆژانە ناوچە جیاوازەکانی باشوور بۆردوومان دەکات کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیان، تێکدانی ژینگەو لەناوبردنی سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵیی، بەڵام حکمومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لێی بێدەنگن و ڕێگەی بۆ خۆشدەکەن.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی دەربارەی چۆڵکردنی سێ گوندی سنووری دینارتە لە دهۆک زانیاری داو ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی دژواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و مەترسی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوڵاتیانی گوندەکانی نپاخێ و بێرکەکورێ و کافیا لە بناری چیای گارەی هەرێمی زێباری لە دینارتەی ئاکرێ گوندەکانیان چۆڵکردووە و ڕوویانکردۆتە ئاکرێ و دینارتە.
ئەوەشخیتەڕوو، لە ڕۆژی ٤ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبووەوە "لە ماوەی سێ ڕۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە". ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم وەرزە وەزی سماق بڕین و کاری کشتوکاڵییە بۆ گوندنشینانی ناوچەکە.
کامەران عوسمان ڕایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە هەرێمی کوردستان تا ئێستە ١٨٣ گوند چۆڵکراون، ٦٠٢ گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان و نزیکەی ٤٠٠ گوند ناتوانرێت ئاوەدان بکرێنەوە.