لە باشوری کوردستانەوە داوای مافی ژنانی ئەفغانستان دەکرێت

هاوپەیمانی ژنانی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی ژنان و کچان و چالاکوانانی ئەفغانستان، چەند کۆبوونەوەیەک رێکدەخات و داوای پاراستنی مافەکانیان دەکات.

هاوپەیمانی ژنانی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی ژنان و کچان و چالاکوانانی ئەفغانستان، چەند کۆبوونەوەیەک لە هەولێر رێکدەخات و داوای پاراستنی مافەکانیان دەکات.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە، پێشێلکردنی مافی ژنان لە پێشینەی کارەکانیان بوو، خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چەندین مافی تر لە ژنان زەوت کرا، لەوانە چوونە دەرەوەی ماڵ بەتەنها و لەبەرکردنی ئارەزوومەندانەی جلوبەرگ، تاڵیبان لێپێچینەوە لە ژنان دەکەن و دەبێت لەگەڵ هاوەڵیکی پیاوو بە پەچەو داپۆشراویی بچنە دەرەوەی ماڵ، هەروەها لە کابینەی حکومەت بێبەشی کردون و وەزارەتی کاروباری ژنانیشی هەڵوەشاندەوە.

 

لەو بارەیەوە دڵسۆز زەنگەنە ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان و سەرۆکی ڕێکخراوی دابین بۆ ژنها وتی: "وەک هاوپەمانیەکە و لەسەر ئاستی هەموو کوردستان لە شاری هەولێر چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد لەوانە، لە ئۆفیسی UNAMI، لەگەڵ خاتوو Edit Nagy بەرپرسی مەکتەبی مافی مرۆڤ، کۆبونەوە لەگەڵ جێگری قونسڵی بەریتانی Jamie Hamill ، هەنار مەعروف".

 

دلسۆز ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەرباری ڕەوشی ژنانی ئەفغانستان لە ژێر حوکمی تاڵیباندا کراوە، وەک هاوپەیامنی ژنانی کوردستان یاداشتێکیان داوەتە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی ئەگەر ژنان و چالاکوانانی ئەفغانی ڕوو لە عێراق و هەرێم بکەن، هاوکاریی بکرێن. 

 

بە وتەی دڵسۆز زەنگەنە هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا داوای پاراستنی مافی ژنانی کوردستانیش کراوە، بە تایبەت کەیسی کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە، کە پێویستە کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەوکەیسانە و چارەسەر بکرێت.