لە باکوری کوردستان و تورکیا تەنها سێ مامۆستای زمانی کوردی دادەمەزرێت

پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" کێشەی دامەزراندنی مامۆستای زمانی کوردی گواستەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢١ رایگەیاند، ١٥ هەزار مامۆستا لە تورکیا و باکووری کوردستان دادەمەزرێن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا سێ کەسیان مامۆستای زمانی کوردی "دوو کورمانجی - یەک زازاکی" دەبن.

 

ئەمەش ناڕەزایەتی کوردەکان و دیموکراسیخوازەکان و چەندین کەسایەتی لێکەوتووەتەوە، هاوکات نەجدەت ئیپەکیوز، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئێلح لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە نووسراوێکی ئاراستەی وەزیری پەروەردەی تورکیا کردووە و داوای کردووە کە لە پەرلەمان وەڵامی بدەنەوە

 

لە نووسراوەکەدا چەند پرسیارێک خراونەتەڕوو وەک " پاساو چییە بۆ دامەزراندنی تەنیا سێ مامۆستای زمانی کوردی، لە کاتێکدا لە تورکیا دوای تورکی، کوردی بەربڵاوترین زمانە کە خەڵک قسەی پێدەکات؟ وەزارتی پەروەردە هیچ کارێک دەکات کە هاوکار بێت بۆ پێشخستنی لایەنی پەروەردەیی و فێرکردنی منداڵ بە زمانی دایک؟، چەند دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەن کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە و چاوەڕوانی دامەزراندنن؟ پلانتان هەیە بۆ دامەزراندی دەرچووانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە قۆناغی داهاتوودا؟ ".

 

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە داوا لە وەزیری پەروەردە دەکات روونی بکاتەوە، بۆچی لەو ١٥هەزار مامۆستا نوێیەی دادەمەزرێن، تەنیا سێ مامۆستا بۆ بەشی ئەدەبیات و زمانی کوردی دەستنیشانکراون؟