لە ٧ ساڵدا دوو کۆچبەری: دەوڵەتی تورکیا نەیهێشت لە منداڵی خۆماندا بژین
ژنێکی گەنج کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تەمەنی منداڵی و گەنجی خۆی لە کۆچبەری بەسەر بردووە وتی: لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا لە کۆچبەری ژیان بەسەر دەبەین، چیتر ناتوانین لە بارودۆخی کۆچکردندا بژین، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ عەفرینەکەمان.
زەینەب عیسا
دێرک -دەوڵەتی تورکیا لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، هێرشەکانی بۆ سەر شاری عەفرین دەستیپێکرد، بەم هێرشانە تاوانی گەورەی لە عەفرین ئەنجامدا، گەلی کورد ڕووبەڕووی کوشتن و ڕفاندنی ژنان و گرتنی دەیان هەزار کەس و کۆچکردن بووەوە، لە یادی حەوتەمین ساڵیادی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شاری عەفرین، کۆچبەرانی عەفرین چیرۆکی کۆچبەری خۆیان بۆ ئاژانسەکەمان گێڕایەوە.
"ئێمە ناچار بووین کۆچ بکەین بۆ کانتۆنی شەهبا"
فاتمە ساڵح کە لە کامپی نەورۆز لە شاری دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێیە، چیرۆکی کۆچبەرییەکەی باسکرد و وتی: پێش ساڵی ٢٠١٨ لە شاری عەفرین بووین. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشە قورسەکانی بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکرد، ناچار بووین کۆچ بکەین بۆ کانتۆنی شەهبا، بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە کانتۆنی شەهبا لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا ژیاوین، چیمان بینی و چیمان نەبینی؟ دوای ٧ ساڵ کە لە شێهبا بەسەرمان برد، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی جارێکی دیکە برینەکانمانی نوێکردەوە، هێرشە قورسەکانیان بۆ سەر کانتۆنی شەهبا ئەنجامدا.
"هەر ڕۆژێک لە کۆچبەری بۆ من ساڵێکە"
فاتمە ساڵح باسی لەو ئازارانە کرد کە لەسەر ڕێگای کۆچکردن لە کانتۆنی شەهباوە بۆ کانتۆنی جزیرە تووشی بوون و وتی: دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر کانتۆنی شەهبا، جارێکی دیکە ناچار بووین کۆچ بکەین بۆ کانتۆنی جزیرە، زۆرێک لە ژنانی ئێمە لە ڕێگای کۆچدا ڕفێنران و کوژران و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و زۆرێک لە ژنە دووگیانەکان لە ڕێگادا منداڵەکانیان لەدایک بوو، منداڵەکانیان بەهۆی سەرمایەکی زۆر و ئەنفلۆنزا گیانیان لەدەستدام ئێستا لە سایەی خۆبەڕێوەبەری هاتووین بۆ کامپی نەورۆز لە شاری دێرک، لێرە زۆر یارمەتیان داین. چادریان بۆ هەڵداین، خواردن و هەموو شتێکیان بۆ ئامادە کردین، لە عەفرین خانوومان هەبوو، زەوی دار زەیتوونمان هەبوو، منداڵەکانمان دەچوونە خوێندنگە، بەڵام لێرەدا لە زستاندا ساردە و لە هاویندا گەرمە، زۆر نەخۆشی لەناو منداڵاندا ڕوودەدات و لەناو کامپەکەدا بڵاودەبێتەوە، ئەوان ئازارێکی زۆریان هەیە، هەموو ڕۆژێک لە کۆچبەرییدا وەک ساڵێک وایە بۆ من.
"بەهیوای گەڕانەوەین بۆ عەفرین"
فاتمە ساڵح داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بە پارێزراوی بگەڕێنەوە بۆ عەفرین، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی ئیدانە کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورکیا چی لە گەلی کورد دەوێت، بەردەوام هێرش بۆ سەر ئێمە ئەنجام دەدات و شارەکانمان داگیر دەکات، ئایا بەس نییە شارەکانی ئێمەی داگیر کردووە و پێشێلکاری بەرامبەر گەلەکەمان دەکات کە لەوێ دەژین؟ داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکەن و بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە بۆ شارەکەمان، هەمیشە تێدەکۆشین تا دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین و شوێنی خۆمان و زێدی خۆمان، ئێمە نەوەی زەیتونین، چاوەڕێی گەڕانەوەین بۆ عەفرین.
"ڕۆژانی زۆر خۆشمان لە عەفرین بەسەر برد"
هەروەها فەرەح عەبدوڵا کۆچبەری عەفرین چیرۆکی کۆچەکەی گێڕایەوە و داوای گەڕانەوەی بۆ عەفرین کرد وتی: ڕۆژانی زۆر خۆشمان لە عەفرین بەسەر دەبرد، پێش ئەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی شاری عەفرین داگیر بکەن، ئێمە لەوێ لە خوێندنگەکانمان دەمانخوێند، ئایندەمان هەبوو، دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکرد، هاتین بۆ شەهبا، ٧ ساڵ وەک کۆچبەر لەوێ ژیاین، ئێمە هەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هەم گەمارۆی ڕژێمی ڕووخاوی شاممان ئەزموونمان کردووەم بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بەرخۆدێر بووین، لەوێ خوێندنمان تەواو کرد، بەڵام دوای هێرشەکان دیسان کۆچمان کرد، ژیان بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو. گەنجان و منداڵانی عەفرین ژیانێکی خۆشیان نەبینیوە، دەوڵەتی تورکیا نەیهێشت ئێمە لە تەمەنی منداڵیمان بژین، بەڕاستی دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شوێن و خاکەکانمان، دەمانەوێت بە پارێزراوی بگەڕێینەوە بۆ عەفرین.