کەژەکە: ئێمە وەک ساکینە جانسز هەمیشە بەرگریی دەکەین

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" لە ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەبەوەدەکات، شەهیدانی پاریس گوزارشتیان لە بەها و نرخی مرۆڤایەتیی دەکرد، دەشڵێت: "بەڵێندەدەین ئێمە وەک ساکینە جانسز هەمیشە بەرگریی دەکەین".

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: "ئەو کۆمەڵکوژییە چەپەڵەی لە پاریس ئەنجامدرا، ڕووی ڕاستی دەوڵەتی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیاشی هەڵماڵی، سەرباری ئەوەی ٩ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕبووە، بەڵام ڕووننەکردنەوەی بۆ ڕایگشتیی هیچ هەڵناگرێت جگە لەوەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانە بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە، ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان وەک پێشکەوتوو و دیموکرات و ئازاد وەسف دەکەن، بۆ ئەوەی ڕاستیی کۆمەڵکوژیی پاریس ئاشکرانەبێت و تاوانباران سزانەدرێن، بنەما یاساییەکانیش پێشێل دەکەن".

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە "ئەو هێڵە ئازادیی و بەهایانەی کە هەڤاڵان ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز گوزارشتیان لێ دەکرد، بەها و نرخی مرۆڤایەتیین، بۆ مرۆڤایەتیی و ئەو ژنانەی کە دەیانویست ژیانێکی ئازاد و یەکسان بەدیبهێنن، هێرشکردن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە ئەو نرخانەیان لە کەسایەتیی خۆیاندا هەڵگرتبوو، ڕووی چەپەڵەی سیستمی دەسەڵاتدار و دەوڵەتپەرستی جارێکی دیکە نیشاندایەوە".

 

ئەوەش وتراوە: "هەموو ساتێکی ژیانی هەڤاڵ ساکینە داواکردنی ئازادیی بووە، بە هەڵسوکەوتەکانی ببووە نموونەیەک بۆ بزووتنەوەی ژنانی کورد، نیشانی داین کە ژن چۆن دەتوانێت ئازادببێت و هەربەوشێوەیەش پێشەنگایەتیی بەدیهێنانی ژنی ئازادی دەکرد، هەڤاڵ ساکینە جانسز پێشەنگی بزووتنەوەی ژنی کوردە، ئێمە خاوەن هەستێکی گەورەی تۆڵەکردنەوەین بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە، ئێمە زۆر تووڕەین لەوەی کە تائێستا ئەو کەیسە بە تاریکی هێڵدراوەتەوە، بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە سڵاو بۆ ژنانی کورد لە ئەوروپا و ژنانی ئەنتەرناسیۆنال لە ئەورپا دەنێرین، کە لە ئەوروپا کار بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو کەیسە و سزادانی بکوژان دەکەن، ئێمە بەڵێن دەدەین کە وەک ساکینە جانسز هەمیشە بەرگریی بکەین".