کەژەکە: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشی هەموو ژنانە

کەژەکە لە سێیەمین ساڵیادی ڕاپەرینی شۆرشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێکۆشانی ئازادیی هەموو ژنانی جیهانە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشەکە تەنها هی گەلانی ئێران نییە، بەڵکو خەباتی هاوبەشی گەلانی جیهان و ژیانی هەمووانە وتیشی، "ڕێی ئێرانێکی دیموکراتیک بە ژن، ژیان، ئازادیدا تێپەڕ دەبێت" و داوای لە ژنان و گەلان کرد کە ئەم شۆڕشە فراوان بکەن.

 

ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کە جوانترین نیشانەی تێزی 'سەدەی ٢١ سەدەی ژنانە' لە سێیەمین ساڵیادیدایە، لە کەسایەتی ژینا ئەمینی، شلێر ڕەسولی، نیکاشا کەرەمی، کۆمار دەروفتادی، زەکەریا خەیاڵ و مینوو مەجیدیدا، یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش بە ڕێز و پێزانینەوە دەکەینەوە. بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی بە کەرامەت، دادپەروەر، یەکسان و ئازاد، پەیمانی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە شەهیدان گیانی خۆیان لە پێناویدا بەخت کرد. بە پێکهێنانی کوردستان و ئێرانی دیموکراتیک،  کە گەورەترین ئاواتیان بوو، بەڵێن دەدەین کە خەونەکانیان، کە بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە بهێنینە دی.


سێیەمین ساڵیادی شۆڕش لەسەرەتا دا لە ڕێبەر ئاپۆ، کە بنیادنەر و ڕەنگڕێژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە، لە بنەماڵە بەڕێزەکانی ئەو گەنجانەی لە شۆڕشدا شەهید بوون، لە هەموو ژنان، لە گەلانی ئێران و مرۆڤایەتی پیرۆز بێت.


بەشداربووانی کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ٨ و ١٣ـی ئەیلول بەڕێوەچوو، لەسەرەتا دا سڵاو لە هەموو ژنانی بەشداربوو دەکەن و هیوادارن ئەم کۆنفرانسە ببێتە هۆکارێک بۆ بە ڕێکخستنکردنی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە هەموو شوێنێک، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، لە ١٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە بیانووی پابەند نەبوونی شێوازی پۆشینی سەرپۆشەوە دەستگیر کرا و لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بەهۆی ئەشکەنجەەوە لە ١٦ـی ئەیلولدا کوژرا، مەراسیمی بە خاک سپاردنەکەی، کە لە ١٧ـی ئەیلوول بەڕێوەچوو، بووە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بۆیە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بەرخۆدان بۆ ژنان و هەموو گەلانی ئێران و جیهان. ڕژێمی ئێران ویستی لە کەسایەتی ژینا ئەمینی دا ترس بخاتە ناو هەموو گەلان و ژنان، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕێپێوانێکی بێ ترس و تووڕەی گەل بەرەو شۆڕش بووەوە.

 

"ژن، ژیان، ئازادی" جێگەی خۆی لە مێژووی بەرخۆدانی گەلاندا گرت
جیهان لە مێژوودا شایەتی چەندین شۆڕش بووە، بەڵام هەموو شۆڕشێک نەی توانیوە خاوەنی تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی بێت، نەی توانیوە لە هەمان کاتدا ببێتە شۆڕشی ژنان و خاوەنی تایبەتمەندی جیهانی و ناوچەیی بێت، بۆیە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، هەم بە پێشەنگایەتی ژنان، هەم بە بەشداریکردنی گەل لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵی، و وە بە تێپەڕاندنی سنوورەکان، جێگەی خۆی لە مێژووی بەرخۆدانی گەلاندا گرت.

 

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بووە شۆڕشێک، کە نەک تەنها ژنان، بەڵکوو ئەو پیاوانەش تێیدا بەشدارییان کرد، کە دەیانویست تێڕوانینی پیاوسالاری بشکێنن، کوشتنی ژنانیان وەکو کوشتنی ژیان دەبینی و دەیانویست لەگەڵ ژناندا ببنە هاوڕێ. نیشانی تەواوی جیهانیان دا، کە کاتێک ژن و پیاو پێکەوە ڕێبکەن، واتا بۆ هەمان ئامانج ڕێبکەن، ببنە هاوڕێ، دەتوانن چی بەسەربخەن. هەربۆیە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی لە بنەڕەتدا شۆڕشێکی هزری، چاندی و کەسایەتییە. خاوەندارییەتیکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە لەم شۆڕشە نیشانی جیهانی دا، کە ئازادیی ژنان خاڵی بنەڕەتی و یەکلایکەرەوەی چارەسەری هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکانە.

 

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەم بۆ ژنانی ئێرانی و کورد، هەم بۆ ژنانی تەواوی جیهان بووە پاڵنەری بەرخۆدان. دروشمەکە لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە، لە دژی هزری پیاوی هەژمونگەر، کەپیتاڵیست، دەوڵەت-نەتەوەپەرست، تۆتالیتار و دواکەوتوو بۆ تەڤگەری ژنانی جیهان بووە مانیفێستۆی ئازادی. بەو شێوەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ باسی کرد، فۆرمولی ئەفسوناویی ژن، ژیان ئازادی لە تەواوی جیهان بڵاوبووەوە.

 

ڕژێمی ئێران کە لە بەردەم کاریگەری ئەم فۆرمولە ئەفسووناوییەدا بێچارە ماوەتەوە، درێژە بە کردەوە فاشیستییەکانی دەدات. لە ماوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا سەدان کەسمان کوژران و لە سێیەم ساڵی شۆڕشیشدا، هێشتا ئەو گەنجانەی کە پێشەنگایەتیی شۆڕشەکەیان کردووە، بەشداری چالاکییەکان بوون دەستگیردەکرێن و لەسێدارەدەدرێن. لەڕێی ئەم کردەوە فاشیستییانەوە هەوڵدەدات تۆڵەی شۆڕشەکە بکاتەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو کردەوە دواکەوتووەکانی ڕژێمی ئێران، هەموو ڕۆژێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە، کە ناتوانرێت ڕێ لە داخوازیی ئازادیی گەلانی ئێران بگیرێت. لەبەرئەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە دروشمێک زیاتر، بووەتە ڕاستینەی ژیان.

 

"کراسی دەوڵەت-نەتەوە بە بەری گەلان تەسکە و هەر ڕۆژە و لەلایەکەوە دەدڕێت"

هەر جۆرە فشارێک لەسەر گەلانی ئێران بسەپێنرێت، کە سەدان ساڵە بەیەکەوە لەناو ئازادی دان، ڕژێمی ئێران زیاتر بەرەو ڕووخان دەبات. دەوڵەتی ئێران پێچەوانەی نەریتی ژیانی ئازاد و کلتووری فرەلایەنەی هەزاران ساڵە، بەو ڕژێمەی کە لەسەر گەلانی ئێران و بەتایبەت دژی ژنان دەیسەپینێت، بە دەستی خۆی کۆتایی بە خۆی دەهێنێت. بێگومان ئێرانێکی بەهێز، بە داننان بە ئازادی و خۆبەڕێوەبەریی گەلان، بەتایبەتیش ژنان دەبێت. ئەو ڕووداوانەی لە ئێران ڕوویاندا نیشانیاندا، کە کراسی دەوڵەت-نەتەوە بە بەری گەلان تەسکە و هەر ڕۆژە و لەلایەکەوە دەدڕێت.

 

گەلی ئێرانیش لە دژی هەموو کردەوەکانی ڕژێمی فاشیست لەسەر پێیە، بەرەنگاردەبێتەوە. بەتایبەتی بەردەوامیی بەرخۆدانی ژنان لە زیندانەکانی ئێران، ئەو پەیامە دەدات کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەو شۆڕشە نییە کە دەستی پێکرد و کۆتایی هات، بە پێچەوانەوە  بەرامبەر هەر جۆرە کردەوەیەکی فاشیستی گەورەتر دەبێت. ئێمەش بە بۆنەی سێیەم ساڵیادی شۆڕشەکەوە لە کەسایەتیی زەینەب جەلالیان، گوڵروخ ئیرایی، وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدیدا، بەرخۆدانی ژنان لە زیندانەکانی ئێران سڵاودەکەین.

 

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە هەمان کاتدا زەمینەی شۆڕشی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ژنی جیهانی بەهێزکردووە. لە بەرامبەر تێڕوانینی پیاوسالاری، کە لە دژی ژنان بووە هێزی ڕێکخراوەیی، جارێکی تر ئاشکرا بوو، کە ڕێکخراوەیی و بەرخۆدانی ژنان زۆر گرنگە، ئەم ڕوحە هاوبەشە هاتە ئاراوە.

 

شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە ئایدۆلۆژیاکەی نەک تەنها بۆ گەل و ژنانی ئێران، بەڵکوو بۆ هەموو ژنان شۆڕشە، شۆڕشی جیهانە. لەبەرئەوە بەرپرسیارێتیی هەر کەسێکە، کە بیپارێزێت و گەورەی بکات. بە بۆنەی سێیەم ساڵیادی شۆڕشەکەوە دەڵێین، ڕێی ئێرانی دیموکراتیک بە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا تێدەپەڕێت و لە پێشدا ژنان، بانگەواز بۆ گەلانی ئێران، گەلانی جیهان دەکەین، کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پێداگربن، لە پێشدا شەهیدانی شۆڕشەکە، هەموو بەهاکان بپارێزن و گەورە بکەن."