کژار: خەبات دژی توندوتیژی دەبێت هەموو ڕۆژێک بەردەوام بێت
کژار بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سەرنجی بۆ توندوتیژیی دەوڵەت، کوشتنی ژنان و زیادبوونی فشارەکانی سەر ژنان لە ئێران ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ڕزگارکردنی کۆمەڵگە تەنها بە دەستەبەرکردنی ماف و ئازادی ژنان دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر دۆخی ژنان لە ئێران و ئەو توندوتیژییەی کە دژیان ئەنجام دەدرێت، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە تێکۆشان دژی توندوتیژی نابێت تەنها بە ڕۆژێک سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت هەموو ڕۆژێک بەردەوام بێت.
”لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـدا لانیکەم ٥٢٨ کەس لەسێدارە دراون”
کژار لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، وتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قەیران و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکە، لە نێویاندا سێبەری شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و حکومەتی ئێران، مەیدانی سیاسیی داگیر کردووە، گەورەترین مەترسی لە دۆخێکی هەستیاری وادا ئەوەیە کە شەڕی ناوخۆیی ڕژێم دژی کۆمەڵگە و بە تایبەتی توندوتیژیی سیستماتیکی دژی ژنان، پشتگوێ بخرێت، ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە سیستەمی ستەمکاری سوود لە قەیرانە دەرەکییەکان وەردەگرێت و هەوڵ دەدات دەسەڵاتی ناوخۆیی خۆی بەهێزتر بکات.
لە ساڵی ڕابردوودا، ئامێری سەرکوتکاریی ئەمنی و دادوەری بە خێرایی و زیادبوونێکەوە کە تا ئێستا نەبینراوە بەردەوام بووە، بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە لە کوردستان، بەلوچستان و ناوچەکانی دیکەی وڵات شەپۆلێکی بەرفراوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ڕوویداوە، هەر لە دەستگیرکردنی بێ ئاگادارکردنەوە و بردنی زیندانییان بۆ زیندانە نادیارەکان بگرە تا دەرکردن و جێبەجێکردنی بێوچانی بڕیارەکانی لەسێدارەدان، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تەنها لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـدا لانیکەم ٥٢٨ کەس لەسێدارە دراون، ئەمەش ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە کە نیشانی دەدات ترساندن و تۆقاندن بووەتە ئامرازی سەرەکیی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان.
”کۆمەڵگەیەک کە مافی ئازادیی ژنان نەپارێزێت ناچارە لە بازنەیەکی توندوتیژیی فرەلایەندا بخنکێت”
ئاماژە بەوە کراوە، کە توندوتیژیی دەوڵەت بەردەوامە، لە کۆمەڵگەدا ڕووداوەکانی کوشتن و کوشتنە خێڵەکی و ناوخێزانییەکان زیادیان کردووە و وتی: توندوتیژییەک هەیە کە بەپێی داتا بەردەستەکان، هەموو ڕۆژێک یان هەر چەند ڕۆژ جارێک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێک، کەموکوڕییە یاساییەکان و پشتیوانیی سیستەمی دادوەری لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی بە ناو ”سەرەف”ـەوە، لەگەڵ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئایدیۆلۆژیای پیاوسالاری لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتدارەوە، ڕێگەی بۆ بکوژان خۆش کردووە، کوشتنی دڕندانەی مەریەم یارمحەمەدی، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵی دانیشتووی قشم کە دوای ئەشکەنجەدان و پارچەپارچەکردنی جەستەی لە لایەن براکەیەوە و بە هاوکاریی هاوژینەکەی کوژرا، ڕێکخستنی گردبوونەوەی پشتیوانی بۆ بکوژەکە، تەنها نموونەیەکە لەم توندوتیژییە بێکۆنترۆڵەی کە نەریت و یاسا دواکەوتووەکان دەیخەنە ڕوو، سورەیای تەمەن ٢١ ساڵ، دایکی سێ منداڵ کە بە چەکوش کوژرا و ئایدا حەیدەرییان لە سنەش ئامانجێکی دیکەی ئەم کارەساتەن، کۆمەڵگەیەک کە مافی ژیان و ئازادیی ژنان نەپارێزێت، ناچارە لە بازنەیەکی توندوتیژیی فرەلایەندا بخنکێت.
”دەنگی زیندانییان لە پشت دیوارەکانی زیندانەکانەوە بەرز بووەوە”
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا، توندوتیژیی شاراوە دژی ژنان لە ئێران لە شێوەی بێبەشکردنی سیستماتیکی ئابووری، جیاکارییە یاساییە بەدامەزراوەییبووەکان و فشارە دەروونی و کولتوورییەکانی بە ناو ”پاراستنی شکۆ و شەروف” و تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی بوونەتە زیانبەرکەوتووی بەردەوام بووە، ئەم جۆرە توندوتیژییە نەبینراوە کە بە قەیرانەکانی بژێویی ژیان و نەبوونی یاساکانی پاراستن و ڕێگریکردنی پێشوەختە قورستر دەبێت، لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی ژێردەستەبوونی ژنان لە ژیانی ڕۆژانەدا، سەربەخۆییان لەناو دەبات و بنەمای سەرەکی بۆ دەرکەوتنی توندوتیژییە ئاشکرا و کارەساتبارەکان ئامادە دەکات.
بەڵام سەرەڕای ئەم جۆرە جیاوازانەی ستەم، زیندانەکانی وڵات بوونەتە ناوەندی سەرەکیی بەرخۆدان، دادپەروەریخواز و هۆشیاری، بەرخۆدانی ژنانی وەکو زەینەب جەلالیان، وریشە مرادیی و پەخشان عەزیزی و بەردەوامبوونی ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و فشارە ئەمنییەکان بوونەتەوه، لەوانە زەهرا پیردەهقان، پەروەین ڕاسیق قزڵباش و سارا ڕەشیدی، نیشانی دا کە دیوارەکانی زیندان نەیانتوانیوە دەنگی یەکسانیخوازانە بێدەنگ بکەن، ئەم بەرخۆدانە، زیندانەکانی کردووە بە قەڵای گرنگیدان بە تێکۆشانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دادپەروەری.
کار و بەرخۆدانی ژنان لەم هەموو ساڵەدا دەستکەوتی تۆمار کردووە کە ئیتر ناگەڕێنەوە دواوە، لەوانە:
بەستنەوەی داواکارییەکانی بزووتنەوەی ژنان بە خۆپیشاندانی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندنکاران و کەمینە ژێرفشارەکانەوە، لەپێناو تێکۆشانی یەکگرتوو دژی توندوتیژیی سیستماتیک، ئابووری و ئەوەی بە ناو ”شەرەف”ەوە دەوترێت.
ڕووخاندنی بێوچانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، لەسێدارەدان و دۆسیەکانی ژنکوژی و ڕێگریکردن لە لەبیرچوونەوەی هەواڵەکانی ستەم لە سایەی قەیرانە سەربازی و سیاسییەکاندا.
ڕاگەیاندنی بەرخۆدانی زیندانییە سیاسییەکان و پشتگیریکردنی داواکارییەکانیان وەک بنەمای بزووتنەوەکانی خۆپیشاندانی کۆمەڵگە.
لەبەر ئەم هۆکارە، ئێمە وەک کژار ڕای دەگەیەنین کە ٢٥ی تشرینی دووەم نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ئایدیاڵەکانی یەکسانی و شکۆی مرۆییدا، ئێمە باوەڕمان وایە کە ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، تەنها لە ڕێگەی جێبەجێکردنی تەواو و بێ مەرجی ماف و ئازادیی ژنانەوە دەکرێت، ٢٥ی تشرینی دووەم تەنها ڕۆژێک نییە، توندوتیژی دژی ژنان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هەموو ڕۆژێک لە ماڵان، لە کۆڵانەکان، لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و لە زیندانەکاندا بەردەوامە، لەبەر ئەوە، تێکۆشان دژی ئەوەش ناتوانێت تەنها بە ڕۆژێک لە ڕۆژژمێردا سنووردار بکرێت، ئێمە هەموو ڕۆژەکانی ساڵ لە بەرامبەر ئەم توندوتیژییەدا دەوەستین و لە هەموو کەسێک داوا دەکەین کە لەم وەستان و هەڵوێستەی بەرامبەر توندوتیژی بەشداری لەگەڵمان بکەن و ڕێگری لە ئامانجگرتنی ژنان بگیرێت.