کژار: گیانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە مەترسیدایە
کژار سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی،ژنە چالاکوانانی سیاسی کورد نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کردووە بە هەر شێوەیەک بێت پێویستە ڕووبەڕووی ئەو سزا ناڕەوایە ببنەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250208-jpgb5f00b-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی خشان عەزیزی و وریشە مورادی، ژنە چالاکوانانی سیاسی کورد ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی کژار بەم شێوەیەیە:
“بۆ ژنانی تێکۆشەری هەموو جیهان
ژیانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە مەترسیدایە، با ناڕەزایەتییەکانمان بەرفراوانتر بکەین و گیانی ژنانی تێکۆشەر ڕزگار بکەین.
چەند مانگێک بەسەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دا تێدەپەڕیت. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زۆر لێدوانی ڕێکخراو و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی بوارە جیاجیاکان، ئەندامانی پەرلەمان، پارتە جیاوازەکان، ڕێکخراوەکان بۆ پشتیوانی لە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنیان دراوە. لەم پەیوەندییەدا زۆر لێدوانی جیاواز وەک هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و ئازادییخوازانە بڵاو کراونەتەوە، لێدوان و هەڵوێستگەلێک کە پاڵپشتی لە بەرخۆدانی ڕەوای ژنانی تێکۆشەر و زیندانییانی سیاسی دەکرد و لە دژی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی ژن و سیستەمی دەسەڵاتداری پیاوسالار و پۆپۆلیستی کۆماری ئیسلامی بڵاو کراونەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ئەوە مافی ڕەوای چالاکی و تێکۆشانی ڕادیکاڵی ژنانی وەک وریشە، پەخشان و زەینەب جەلالیان و ژنانی دیکەی تێکۆشەرە، کە بووەتە هۆی ئەوەی پەیامی پشتیوانی و بەرگری کردن لێیان سنوورەکان تێپەڕێنێت و زنجیری پشتیوانی ئازادییخوازان و بەتایبەت ژنان، لە جاران بەهێزتر بکەن. ڕژێمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ستراتیژی بۆ سانسۆر، سەرکوتکردن و چەواشەکردنی بیروڕای گشتی بەکارهێناوە. ستراتیژەکانی وەک مێژووی دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالاری بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگا و بەلاڕێدا بردنی بەکارهێناوە.
بەڵام وەک بینیمان لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لەگەڵ کۆمەڵگایەک کە لە بنەڕەتدا عەقڵییەتی خۆی گۆڕیوە. بەرخۆدانی ژنانی ئەم کۆمەڵگایە لە زینداندا، دەرگای زیندانەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و هەناسەیەک بەبەر کۆمەڵگا دەکاتەوە. هەناسەی هۆشیاری و بەیار بوونەوە، هەناسەیەک بە بۆنی بەرخۆدان و تامی ئازادیی! مێژوو دەریخستووە کە کۆمەڵگایەک کە تینووی ئازادی بێت، ژیانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بەخت دەکات و هەروەها ئیلهام دەدات بە کۆمەڵگاکانی تر. ئەمەش لەسایەی ژنانی بەرخۆدێرەوە بووە.
لە لایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی لەم ڕۆژانەدا لە گرێ کوێرەی سیاسەتە دەرەکی و ناوخۆییە هەڵەکانیدا ماوەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر لە نێو کۆمەڵگا و بە تایبەت ژناندا شەرعییەتی خۆی لە دەست دەدات. پەنابردن بۆ سیاسەتی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان و پەرەدان بە لەسێدارەدان نەک هەر هێزێکی بە دەسەڵات نەبەخشیوە، بەڵکو بۆشایی نێوان کۆمەڵگا و حکومەتی فراوانتر کردووە، بەجۆرێک کە کۆمەڵگا لەگەڵ حکومەتدا ناتەبایە. شەرعییەت پێویستی بە ڕەزامەندییە نەک توندوتیژی.
کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگا کەوتووەتە شەڕەوە و هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوت و بەهاکانی کۆمەڵگا دەدات، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین سەرکەوتنی کۆمەڵگایە بەسەر دەسەڵاتدا. سەپاندنی هەر سزایەکی لەسێدارەدان وەک ئەوە وایە هەنگاوێکی خێراتر بەرەو کۆتایی بڕوات. ڕژێم وانەی لە دیکتاتۆرەکانی دیکەی ناوچەکە وەرنەگرتووە، کە نەک هەر بە گوشار و توندوتێژی دەسەڵات بەدەست ناهێنێت، بەڵکوو دەسەڵاتی لەدەست دەدات. ڕەتکردنەوەی داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی یەکێک لەو هەنگاوانەیە.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای سووپاسی خۆی لە هەموو ئەو کەسانەی کە پشتیوانیان لە داوای ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، ڕەتکردنەوەی داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی بە پێداگریی ڕژێم لەسەر سیاسەتەکانی ژنکوژی و تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” دەزانێت و جەخت لەوە دەکەینەوە کە لەسێدارەدانی ژنە تێکۆشەرێک لەلایەن ڕژێمەوە پێداگرییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگا. وەک لە نموونەی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا بینیمان، بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکەی هاوشێوەی ئەوان دەبێت. دووپاتی دەکەینەوە کە هەوڵدان بۆ لەسێدارەدان زۆر ڕووداوی جدیی لێدەکەوێتەوە و لە هەموو کاتێک زیاتر لە لایەن ژنانی ئازادیخواز و کۆمەڵگا بە گشتی ڕووبەڕووی کاردانەوە دەبێت.
سەرەڕای دەربڕینی ڕوونی خومان، داوا لە هەموو ئازادییخوازان و تێکۆشەران و بەتایبەت ژنان دەکەین کە زۆرترین هەوڵی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو تێکۆشەرانە بگرنەبەر. وەک دەزانن ژیانی پەخشان عەزیزی لە مەترسیدایە، پێویستە هەمووان پێکەوە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی ڕژێم ئەم سزایە جێبەجێ نەکات. بە ڕزگارکردنی ژیانی ئەم ژنە تێکۆشەرە دەتوانین شکست بە بیرکردنەوە و هەڵوێستی ستەملێکراوان بێنین و هەنگاوێکی تر بەرەو ئازادیی هەڵبگرین.”