کەژاڵ نەسری بە کەلەپچەی ئەلیکترۆنییەوە ئازاد کرا
کەژاڵ نەسری چالاکوانی سنەیی، کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستگیرکرابوو، دوێنێ بە کەلەپچەیەکی ئیلکترۆنییەوە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ
کەژاڵ نەسری چالاکوانی مەدەنی خەڵکی گوندی تەنگیسەری شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێرانەوە لەگەڵ چالاکوانێکی دیکە بە ناوی فەرهەنگ عەیوەزی دەستگیرکرابوو، دوێنێ ١١ی کانونی دووەم بە کەفالەتی ١٠٠ ملیۆن تمەن و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
ئەو ژنە چالاکوانە کەلەپچەیەکی ئیلکترۆنیی پێوە بەستراوتەوە و پێی ڕاگەیاندراوە، کە بۆ ماوەیەکی نادیار ناتوانێت بچێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی.
سەرچاوەکانی نزیک لەو ڕووداوە ڕاشیانگەیاندووە، دوو ڕۆژ پێش ئازادکردنی کەژاڵ نەسری، دایکی لەبەردەم بینای ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و بەو هۆیەشەوە بەرپرسانی ئیتڵاعات ناچاربوون داواکاریی دایکی کەژاڵ پەسەند بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژنە چالاکوانە ڕوون نەکراوەتەوە.