زانیاری لەسەر دەستگیرکراوانی ئێران نیە

ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی شاری ئەسفەهان بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کراون و لە دۆخێکی نادیاردان.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی شاری ئەسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکار و خێزانەکانیان، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنیان لەبەردەستدا نییە و تا ئێستاش لە دۆخێکی نادیاردان.

 

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، نزیکەی ٢٠ هاوڵاتی دەستگیرکراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی وردی ئەو کەسانە و هۆکاری دەستگیرکردنیان لەبەردەستدا نییە و تەنها ناسنامەی بەشێکیان بڵاوکراوەتەوە، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 

مینا نەدایی ٣٥ ساڵ و هاوسەرەکەی ڕۆزبە دانا ٣٧ ساڵ، مەرجان بەشتام ٤٢ ساڵ، بەهار سولەیمانی ١٩ ساڵ، محەممەد ساسانی ٤٢ ساڵ، هودا سادقی، سەما عەمۆشاهی، مێهشاد کێشانی، محەممەدڕەزا قوتبی زادە، عیرفان میرکازمی و ئەمیر سالاری.

 

بەگوێرەی هەواڵە بەردەستەکان، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرەڕای بەدواداچوونی خێزانەکانیان، دەسەڵاتی دادوەری ئامادە نەبووە وەڵامێک بداتەوە سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنیان و شوێنی ڕاگرتنیان.

 

هەروەها لە ماوەی ١٣ ڕۆژی دەستبەسەرکردندا، تەنها مەرجان بەشتام پەیوەندییەکی کورتی لەگەڵ منداڵەکانی هەبووە، بەڵام هیچی لەبارەی شوێنی خۆی و هۆکاری دەستبەسەرکردنی نەوتووە.

 

جگە لەوەش، سەرەڕای ئەوەی کە سەما عەمۆشاهی تووشی شێرپەنجە بووە و ڕۆزبە دانا تووشی نەخۆشی گەدە بووە، "لە چارەسەری پزیشکی دروست بێبەشکراون".

 

هەروەها بێبەشن لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو، ئەمەش یەکێکە لەو پرسانەی تر کە پەیوەندی بەو دەستبەسەرکراوانەوە هەیە، بێ ئاگابوون لە دۆخیان نیگەرانی خێزانەکانی لە بارودۆخەکە زیاتر کردووە.

 

دوای دەستبەسەرکرانی بەشێک لەو کەسانە بۆ زیندانی دەستگرد لە ئەسفەهان و هەندێکیشیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گوازراونەتەوە، هەروەها بەهار سولەیمانی "گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەسفەهان".