دەستگیرکردنی ٥ هاووڵاتی بەهایی لە شاری کرمان
ئێوارەی دوێنێ پێنج هاووڵاتی بەهایی لە کرمان دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کراوەتەوە، "ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ هاووڵاتی بەهایی لە شاری کرمان دەستبەسەرکران و بە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە".
باس لەوەش کراوە کە هێزە ئەمنییەکان سەردانی ماڵی شەهرام فەلاحیان کردووە، خۆی و میوانەکانی یەکتا فەلاح، پەریدەخت شوجاعی، فواد شاکر و بێهنام پورحمادی دەستبەسەر کران و لەکاتی پشکنینی ماڵ و ئۆتۆمبیلەکانیان، هەندێک کەلوپەلی شەخسی لەوان مۆبایلی ئەو هاووڵاتییە بەهاییانە دەستیان بەسەردا گیرا و بردران.
شایانی باسە تا ئەم ساتە، ئەو تۆمەتانەی کە بڕیارە لە دژی ئەم هاووڵاتییە بەهاییانە بخرێنەڕوو، تا ئێستا شوێنیان نادیارە.
لە ڕژێمی ئێران بەهاییزم وەک تاقمێکی ئایینی نەناسراوە و پەیڕەوانی ئەم ئایینە جگە لە سنووردارکردنی چالاکییە ئایینییەکانیان، لە هەندێک مافی کۆمەڵایەتی بێبەش دەکرێن، لەوانەش مافی خوێندن.