٢٣ هەزار کەلوپەلی دێرین گەڕێندراونەتەوە عێراق

لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٣ هەزار کەلوپەلی دێرین لە وڵاتانی دەرەوە بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و دێرینەکانی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٣ هەزار کەلوپەلی دێرین و شوێنەواری لە وڵاتانی دەرەوە بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە.

 

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتایدا عێراق پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیووە لە وەرگرتنەوە و گەڕاندنەوەی کەلوپەلی دێرین و شوێنەواری تایبەت بە خاکی عێراق کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بردراونەتە دەرەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و دێرینەکان، ئەحمەد ئەلعەلیاوی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیکردەوە، هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلی دێرینی عێراقی دزراو یان قاچاخ لە دەرەوەی وڵات.

 

دوو ساڵ لەمەوبەر ١٧ هەزار و ٣٣٨ شوێنەوار لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دۆزرایەوە، هەروەها تابلۆی گیلگامێش کە یەکەم لەوحەی گڵینە کە لەسەری شیعری داستانی تایبەت بە پاشای مێژوویی گیلگامێش، کە فەرمانڕەوایی ئوروکی سۆمەری "عێراقی ئەمڕۆ"ی دەکرد، لە ساڵی ٢٧٠٠ پێش زایین، نووسراوە.

 

مانگ و نیوێک لەمەوبەر، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی شوێنەوارەکانی، شەش هەزار شوێنەوار کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن مۆزەخانەی بەریتانیا بە قەرز وەرگیرابوون، لە ئینگلتەرا گەڕێنرانەوە.