ژیانی نازیلە ڕەنگدانەوەی مێژووی پڕ لە ئازاری خەڵکی ئەفغانستانە

نازیلە دەڵێت: "ژنانی باکور لە خولی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیبان چەندین جار بە شۆفڵ، چەقۆ یان ئاوی کوڵاو تاڵیبانیان کوشت، نابێت لەبیریان بچێت ئەگەر زیاتر لەوە هەراسانمان بکەن، ئێمەش هەمان شت دەکەینەوە".

بەهاران لەهیب 


کابول-  پارێزگای پەروان مێژوویەکی پڕ لە ململانێی هەیە، ئەفغانستان زیاتر لە چل ساڵە لە ئاگری دۆزەخدا دەسووتێت، کاتێک سەردانی هەموو گۆشەیەکی ئەفغانستان دەکەیت، نەک تەنها خەڵکەکەی بەڵکو تەنانەت بەرد و دارەکەی چیرۆکی ئەو تاوانانە دەگێڕنەوە کە لە ناوچەکاندا ڕوویانداوە و ئێستاش بەردەوام ڕوودەدەن و لە هەمان کاتدا خەباتی ژنان و پیاوان دەگێڕنەوە.

 

ئەو کودەتایەی کە لە ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٧٨ ڕوویدا، لە شوێنە جیاوازەکاندا، لەگەڵ خەباتی ئازایانەی ژن و پیاو لە دژی ڕووسەکانی دەستدرێژکار، چیرۆکی تاوانەکانیان زۆرن، لە سەفەرەکەماندا بۆ پەروان قسەمان لەگەڵ دایکێک کرد کە لە گەنجیەوە تا تەمەنی پیری زۆر شتی بینیووە و بەم شێوەیە ئەوی ئەزموونی کردووە بۆی گێڕاینەوە.

 

کاتێک ڕووسەکان لە ساڵی ١٩٧٩دا ئەفغانستانیان داگیر کرد، بە هاوکاری دارایی و سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و سعودیە لە پاکستان و ئێران حیزبی ئایینی دامەزران، لەم پڕۆسەیەدا بە وتەی خەڵک لە پەروان ژمارەیەکی زۆر لە چەکداران و سیاسییەکان بە دەستی بەتاڵ لە دژی هەردوو فراکسیۆنەکە شەڕیان دەکرد، چونکە هەردوو فراکسیۆنەکەیان بە هاوبەشی داگیرکارییەکە دەزانی.

 

سەرکردایەتی ئەو تێکۆشەرانە لە دەستی ڕۆشنبیران و دیموکراتەکانی کۆمەڵگەدا بوو، لە نێو حیزبە ئایینیەکان، ئیخوان لە پەروان، کەسانی وەک مەسعود و گۆڵبێدین حیکمەتیار زاڵتر بوون.

 

هەرچەندە هەردوو کوتلەکە لە ڕووی فکرییەوە جیاواز نەبوون لە یەکتر، بەڵام هەمیشە شەڕ لە نێوانیاندا هەبوو لەسەر دەسەڵاتداریکردنی ناوچەکان، لە ماوەی ١٤ ساڵەی حوکمڕانی خەڵکی پەروان شاهیدی تاوانی زۆر بوون لەلایەن ئەو حکومەتەی کە ڕووسەکان دروستیان کرد، لەلایەن ڕووسەکان و مەسعودییەکان و گۆڵبدینییەکانەوە.

 

نازیلە شیر، دایکی شەش منداڵە و لە کاتی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ڕووسیا تازە هاوسەرگیری کردووە، بنەماڵەی هاوسەرەکەی کەسانێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوون و بە توانای کەمەوە دژی حکومەتی ڕووسیا و پارتەکانی ئیخوان شەڕیان کردووە.

نازیلە دەڵێت: "ڕۆژێکی ساردی زستان بوو، نانم بۆ هەمووان لێنابوو، هاوسەرەکەم و یەکێک لە براکانی لە قوتابخانە گەڕانەوە ماڵەوە، بەڵام برا گەورەکەیان بۆ ماوەی کاتژمێرێک زیاتر خوێندوویەتی و کەمێک دواتر دەرچووە، هەموو نانەکەمان بەجێهێشت تا چاوەڕێی بکەین، بەڵام هیچ هەواڵێکی لێ نەبوو، هاوسەرەکەم و براکەی کە لە ماڵەوە بوون، بە دوایدا ڕۆیشتن بۆ ئەوەی زانیارییەکیان لێی دەستبکەوێت، ڕۆژی دواتر تەرمەکەیمان لە نزیک قوتابخانەکە دۆزیەوە، لەوێ لە بۆسەیەکدا لەلایەن ڕووسەکانەوە کوژرا، زۆری نەخایاند براکەی تری هاوسەرەکەم دیار نەما، دوای دوو ڕۆژ گەڕان تەرمەکەی لە نزیک ماڵەکەمان دۆزیەوە، لەلایەن پیاوەکانی مەسعودەوە کوژرا و نیشانەکانی ئەشکەنجەدان لەسەر تەرمەکەی دیار بوو".

 

نازیلە باسی دۆخی ناوچەکانیان دەکات لە سەردەمی دەستدرێژی ڕووسیا و دەڵێت: "گوندەکانمان هەموو ڕۆژێک لەلایەن حکومەتی ڕووسیاوە بۆردومان دەکران، هەندێکجاریش شەو و ڕۆژ شەڕ لە نێوان هەردوو حزبی ئیخواندا هەبوو کە دەسەڵاتیان لە ناوچەکەماندا گرتبووە دەست".

 

لە ماوەی ساڵانی ١٩٧١ تا ١٩٧٥ کە ئەم پارتە ئیخوانانە لە ئەفغانستان حوکمیان دەکرد، دیسان وەک پەروانیەکان بوون، ناوچەکانی تریش لە زوڵم و ستەمەکانیان ڕزگاریان نەبوو و لە خولی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا چەندین جار تاڵیبان هێرشی کردە سەر ناوچەکانیان و خەڵک ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی گیانی خۆیان ڕزگار بکەن.

 

خەڵکی ناوچەلە لە بیست ساڵی حکومەتی کارزای و غەنیدا هێشتا سەلامەت نەبوون و زۆرینەی گەنجەکانیان بە مەبەستی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی سوپا و پۆلیسەوە، خەڵکی پەروان وابەستەی بەروبوومی زەوییەکەیانن، بەڵام بەهۆی وشکەساڵیەکانی ئەم دواییە، بەرهەمی باشیان لەو زەوییە دەست نەکەوت.

 

لەگەڵ هاتنە ناوەوەی تاڵیبان لە پەروان هاوشێوەی پارێزگاکانی تر، خەڵکەکەی لەلایەن تاڵیبانەوە هەراسان دەکرێن، لە هەموو ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا کە لەوێ بەڕێوەدەچێت، خەڵک ناچار دەکەن دووجار زیاتر خۆراک بە ٦٠ سەربازی تاڵیبان بدەن.

 

لە هەموو مزگەوتەکانی گوندەکاندا لیستێکیان لە پیاوانی گوندەکە ئامادە کردووە، مەلا و خەڵکی گوندەکە ناچار دەکەن لە کاتی نوێژدا ئامادەبن، وە ئەوانەی نایەن بۆ مزگەوت بۆ نوێژ پێویستە ڕاپۆرت بدەن کە زۆرینەی خاوەن گوندەکان وا دەکەن هەموو خەڵکی ئامادەبوو بۆ ئەوەی لە ئەشکەنجەی تاڵیبان سەلامەت بن، زۆرینەی سەربازە پێشووەکان ناوچەکەیان بەجێهێشت و پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ یان پارێزگاکانی دیکە برد بۆ ئەوەی لە کوشتن و تیرۆرکردنی تاڵیبان ڕزگاریان بێت.

 

نازیلە لە درێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت: "هێشتا لە دۆخێکی باشدانین، یەکێک لە کوڕەکانم ناچار بوو لەگەڵ خێزانەکەی ناوچەکە بەجێبهێڵێت، هەموو ڕۆژێک تاڵیبان دەهاتنە بەر دەرگای پشتەوەی ماڵەکەمان و داوای چەکی لێدەکرد، لە کۆتاییدا ناچار بوو ئەم شوێنە بەجێبهێڵێت، هەموو گەنجان وەک کوڕەکەم ڕووبەڕووی یەک چارەنووس دەبنەوە، هەڕەشە و ئەشکەنجەیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت."

 

لە کۆتاییدا نازیلە دەڵێت: "ژنانی باکور لە خولی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیبان چەندین جار بە شۆفڵ، چەقۆ یان ئاوی کوڵاو تاڵیبانیان کوشتووە".

 

دەشڵێت: "نابێت تاڵیبان لەبیری بچێت ئەگەر زیاتر لەوە هەراسانمان بکەن، ئێمەش دووبارە هەمان شت دەکەینەوە".