پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیک پێویستی بە ڕێگاچارەسەری نوێ هەیە
بەپێی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنرێت لەو ژمارەیەش کەمتر لە ٪١٠ی دووبارە بەکاردەهێندرێتەوە، پیسبوونی پلاستیک یەکێکە لە خێراترین گەشەسەندن و خێراترین قەیرانە ژینگەییەکانی جیهانی."
ناوەندی هەواڵ
ئیریک لیندبێرگ، سەرۆکی سیاسەتی جیهانی پلاستیک لە سندوقی جیهانی بۆ سروشت -WWF پێش ڕۆژی جیهانی ژینگەی ساڵی ٢٠٢٣ و دانوستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پەیمانی پیسبوونی پلاستیک لە پاریس ئەوەی خستووەتەڕوو، پێویستە هەنگاوی زیاتر لە دژی پیسبوونی پلاستیک بگیرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشداوە، "زیادە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی پلاستیک ڕووبار و زەریاکانمان دەخنکێنێت و گیانلەبەرە کێوییەکان دەکوژێت و خۆراک و هەوا و ئاومان پیس دەکات و ژینگەی جیهانی بەرەو ڕەوشێکی خراپتر دەبات."
وتیشی: "ڕۆژی جیهانی ژینگەی ئەمساڵ تایبەتە بە پیسبوون بەهۆی پلاستیک و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ ڕاگرتن و کەمکردنەوەی پیسبوونی پلاستیک، کە یەکێکە لە خێراترین گەشەسەندن و خێراترین قەیرانە ژینگەییەکانی جیهانی."
بەپێی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنرێت کە نیوەی ئەو پلاستیکانە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە تەنها یەکجار بەکاربهێنرێت، لەو ژمارەیەش کەمتر لە ٪١٠ی ڕیسایکل دەکرێت، بە مەزەندەکردن ١٩ بۆ ٢٣ ملیۆن تۆن لە دەریاچە و ڕووبار و دەریاکاندا دەمێننەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دانوستانەکانی پەیمانی پیسبوونی پلاستیک کە ئامانج لێی پەرەپێدانی ئامرازێکی نێودەوڵەتی یاسایی پابەندکەرە سەبارەت بە پیسبوونی پلاستیک، بڕیارە لە نێوان ٢٩ی ئایار و ٢ی حوزەیران لە پاریس بەڕێوەبچێت.
وتیشی: "ئەمە کۆتا کۆبوونەوەیە پێش ئەوەی بچینە ناو گفتوگۆکردن لەسەر دەقی یاسایی، بۆیە گرنگە حکومەتەکان بە ویستێکی گەورەوە بێنە ئەم کۆبوونەوەیە و ئامادەبن بۆ پێناسەکردنی یاسا و ڕێسای کۆنکرێتی جیهانی کە پێویستن".
وتی "پێشبینی دەکرێت دانوستانەکانی پەیماننامەکە تا ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی پێبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانکاران ئێستا دەبێت وردەکارییەکانی دەقی پەیماننامەکە بخەنەڕوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرترین و دادپەروەرانەترین شێوە مامەڵە لەگەڵ پیسبوونی پلاستیکیدا بکەن."
ئیریک لیندبێرگ وتی: " داوای پەیماننامەیەک دەکات کە بتوانێت پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە بەتەواوی قەدەغە بکات یان بە خێرایی قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی پێبهێنێت کە زۆرترین مەترسی هەیە، هەروەها گرنگە پەیماننامەکە میکانیزمێکی پشتیوانی دروستی هەبێت بۆ جێبەجێکردن، وەک پشتگیری دارایی و هاوکاری تەکنیکی."