نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە کوردستان

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان- UNHCR کە ئەرکی هاوکاری و پاراستنی پەنابەرانی پێ سپێردراوە لە خزمەتگوزارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییە تایبەتمەندەکانی بەردەوام دەبێت بەتایبەتی بۆ ژنان و منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان- UNHCR کە ئەرکی هاوکاری و پاراستنی پەنابەرانی پێسپێردراوە، بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ، بە پاڵپشتی دارایی بەخشندەی سندوقی کوەیت بۆ گەشەپێدانی ئابووری عەرەبی، ناوەندێکی نوێی تۆمارکردنی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ڕوونی کردەوە، سەنتەرە نوێیەکە وەک وێستگەیەک بۆ خزمەتگوزارییەکانی تۆمارکردن و پاراستن کاردەکات، ئەمەش ڕێگەیان دەدات بایۆداتا بەدەستبهێنێت بۆ دابینکردنی بڕوانامەکانی و پاڵپشتیکردنی پەنابەران بەپێی پێویستییە تایبەتەکانیان.

 

لەو سەنتەرەدا پەنابەران دەتوانن دەستیان بگات بە مێزێکی زانیاری بۆ ئاگاداربوون لە خزمەتگوزارییە مرۆیی و گشتییەکان و هاوکاری یاسایی، لە بەیاننامەکەدا ئاشکرای کردووە، ژنان و منداڵانی ڕزگاربووانی توندوتیژییش دەستیان بە خزمەتگوزارییە دەروونی کۆمەڵایەتییە تایبەتمەندەکان دەگات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، جگە لە کارمەندانی UNHCR و هاوبەشە پاراستنەکانی، سەنتەری تۆمارکردنەکە قەوارە حکومییەکانیش لەخۆدەگرێت، ئەوانیش ئاسایشی گشتی و بەڕێوبەرایەتی نیشتەجێبوونی هەولێر.

 

لە ئەنجامدا پەنابەران دەستبەجێ دەتوانن مۆڵەتی ئیقامەی مرۆیی خۆیان دەستەبەر بکەن، کە ئەو بەڵگەنامانەیە کە دەسەڵات پێشکەشی پەناخوازان و پەنابەران دەکات بۆ ڕێکخستنی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان، کە لە بەیاننامەکەدا وردتر کراوەتەوە.

 

بەپێی بەیاننامەکە پێشبینی دەکرێت مانگانە ٢٤ هەزار پەنابەر لە سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییانە سودمەند بن، بینا تازە دامەزراوەکە وەک ناوەندێکی تۆمارکردنی پەنابەران و چالاکییەکانی دیکەی پاراستن کاردەکات، لە کۆتاییدا وەک قوتابخانەیەکی ناوەندی بۆ گەڕەکەکە خزمەت دەکات، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پەروەردە لە پێشینەی کارە بۆ حکومەتی کوەیت و کۆمیسیاری باڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی کوردی بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندن و پەروەردە بۆ ئەوانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.