حیجابی سیاسی مانایەکی زیاتری لە جلوبەرگی ژنان هەیە

لابردنی حیجابی زۆرەملێ بۆ ژنان لەم کاتەدا ئامرازێکە بۆ خەباتی ژنان لە دژی ستەم، چونکە حیجاب وەک بەرگێک مانای خۆی لەدەستداوە و لەم کاتەدا جۆرێکە لە سیاسەتی ڕژێمی ئێران و جۆرێکە لە ململانێ لە دژی ژنان.

هیماراد

 

ناوەندی هەواڵ- هەستیارییەکانی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە حیجاب شەپۆلێکی نوێی خەباتی ژنانی خوڵقاندووە، لەگەڵ غەرامە و هەڕەشە و تۆقاندنەوە تا دەگاتە دەستگیرکردن و زیندانیکردن نەیتوانیووە ئەو ژنانە بوەستێنێت و زیاتر لە جاران پێداگری لەسەر لابردنی حیجابی زۆرەملێ دەکەن.

 

بەڵام حیجاب چ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە مانەوەی ڕژێمی ئێران کە حکومەت وزەی خۆی بەم شێوەیە تێدا خەرج دەکات؟ ئایا نەیدەتوانی بە کەمێک نەرمی ئەم قەبارەی ناڕازیبوونی ژنان کەم بکاتەوە و درێژە بە حوکمڕانیەکەی بدات؟

 

حیجاب وەک بەرگێک مانای خۆی لەدەستداوە و لەم کاتەدا بوەتە جۆرێک لە سیاسەتی ڕژێمی ئێران و لە لایەکی دیکەوە بووەتە جۆرێک لە خەباتکردن بۆ ژنان و ناکرێت بە سادەیی لێی بڕوانرێت، لێرەدا حیجاب بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران و نهێنی مانەوەی خۆی دەگێڕێت و وازهێنان لێی وەک لەناوبردنی وایە، ئەگەر بتوانێت لە ڕوانگەی سیاسییەوە پشتگوێی بخات بە دڵنیاییەوە بۆ مانەوەی خۆی ئەو کارەی دەکرد، بەڵام یەکێک لە خوێنبەرە سەرەکییەکانی ڕژێمی ئێران و پرسی حیجاب کە نەبوونی بە مانای نەبوونی ڕژێمی ئێران دێت.

 

داواکاری ژنان

با بگەڕێینەوە سەر پرسی ژن لە ئێران، ئایا پرسی ژنان لە ئێران حیجابە؟ یان بڵێین حیجاب لە پێشینەی ژنانە لە ئێران؟ سەرکوتکردن و پشتگوێخستنی ژنان لە پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی بابەتێکی سەرەکییە و بۆچی ژنان پرسەکەیان بۆ حیجاب بچووک بکەنەوە و پرسە سەرەکییەکان بەجێبهێڵن؟

 

لە کاتێکدا کە داخوازییەکانی ژنان لە مێژووی ڕژێمی ئێران داخوازی ڕادیکاڵتر و جدیتر بوون کە پەیوەست بوون بە زۆر لە بزووتنەوەکانی ئێرانەوە و لە سەردەمی شکستی چاکسازی و زیادبوونی چەوساندنەوەکان ئێستا کە ڕووبەڕووی شۆڕشی ژینا دەبینەوە ژنان داواکاری مرۆیی زۆرتریان هەبوو، هەموو خەبات و تێکۆشانەکانی ژنان بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی بوون.

 

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە سووکایەتی بە جۆری خەباتی ژنان نەکەین، چونکە لابردنی حیجاب لەم خاڵەدا و پێداگریی ژنان لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستێکی جدی و کاریگەرە و ئەمەش بە مانای تێکدانی بەها و داواکارییەکانی کۆمەڵگە نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ژنان لە ناوەڕاستی شۆرشی درێژخایەنی لەناوبردنی ڕژێمی ئێراندان، ڕێگایەکی ڕاستیان هەڵبژاردووە و خاڵی لاوازی دوژمنیان دۆزیوەتەوە چونکە لابردنی حیجاب بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران  و بە واتایی نکۆڵیکردن لە سیاسەتی حکومەت دێت و هەردوولا هەم ڕژێمی ئێران و هەم کۆمەڵگە بە باشی ئاگاداری گرنگی ئەو پرسەن.

 

غەرامەکردنی نەختینەیی، چەندین هەڕەشە و نێوەندگیری، ترسی دوژمن نیشان دەدات لە هەڵوێست و ئیرادەی ژنان، جێبەجێنەکردنیشی لەلایەن ژنانەوە وریایی ژنان نیشان دەدات، شەقامەکان پڕن لەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملێ یان لابردووە، توڕەیی ژنان بەهۆی نەبوونی ئایندەیەکی باشترەوەیە، توڕەییەکەیان بۆ کوشتنی گەنجان، نەبوونی ئاسایشی کار، نەبوونی ئاوەدانی و ئارامی، نەبوونی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دەرفەتی یەکسان و هەزار نایەکسانی دیکە و نائومێدی لە ئێراندا دێت، ئەگەر هەناسەیەک مابێت و ژنان بگەنە داواکارییە حەقەکانیان، بە دڵنیاییەوە بەرگی خوازراویش یەکێک دەبێت لە خواستەکانیان، بەڵام لەم خاڵەدا ئامرازێکە بۆ خەباتی ئەوان.