دەستگیرکردنی دایک و باوک و برای یەکێک لە قوربانیانی شۆڕش "ژن، ژیان، ئازادی"

فاتمە حەیدەری، خوشکی جەواد حەیدەری، یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، لەسەر هەژماری خۆی، دەستگیرکردنی دایک و باوکی و محەمەد حەیدەری برای ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، فاتمە حیدەری خوشکی جەواد حەیدەری یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، بە بڵاوکردنەوەی چەند چیرۆکێک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، دەستگیرکردنی دایک و باوکی و براکەی بەناوی محەمەد حەیدەری ڕاگەیاند و نووسیویەتی: " چەند خولەکێک لەمەوبەر دایکم و باوکم و محەمەد حەیدەری برام دەستگیرکران، ڕوحوڵا حەیدەری برایەکی دیکەم دەستبەسەرکراوە و برایەکی دیکەمیان بە ناوی جەواد کوشت، ئێستا لە خێزانەکەماندا کەسێکیان کوشتووە و ٤ کەسیشیان دەستگیرکردووە."

 

ناوبراو بە ئاماژەدان بە هۆکاری دەستگیرکردنی دایک و باوک و براکەی نووسیویەتی: " سەمەد حەکیمان لێکۆڵەری لقی ٥ی داواکاری گشتی قەزوین، دوای دەستگیرکردنی خێزانەکەم، بە باوکمی وت یان بەردی گۆڕی جەواد حەیدەری وەربگرە یان فڕێت دەدەمە زیندان، لە وەڵامدا باوکم تەنها پێی وتووە "بەداخەوەم بۆت کە لەبەر بڕێک پارەی کەم ئەم کارەساتانە بەسەر خەڵکدا دەهێنیت."

 

هەروەها  نووسیویەتی: "چەند خولەکێک لەمەوبەر باوکمی گواستەوە بۆ زیندانی چۆبیندەر".

جەواد حەیدەری تەمەن ٣٦ ساڵ لە شاری قەزوێن لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا تەقەی لێکرا و کوژرا.