ژنانی ڕۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان دۆخێکی سەختیان هەیە

لە ئەفغانستان کەمبوونەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس گەیشتووەتە ئاستێکی نیگەرانکەر،  دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان دەستی بە سەرکوتکردنی هەموو ڕۆژنامەنووسان کرد و بەتایبەتی دۆخی ژنانی  سەختتر کرد و ڕۆژانە لە ڕێگەی پەنابەریدا گیان لەدەستدەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەفغانستان یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی کە پیاوسالاری تیایدا باڵادەستە و سەرکوتکارییەکان لە دژی ژنان هەمیشە تووشی هەڵاواردن و توندوتیژی ڕەگەزییان دەکاتەوە، ئەمەش لە کاتی پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان بوو کە دواتر دۆخەکە قورستر بوو و ژنان کە پێشتر لە میدیادا ڕێگەیان پێ نەدەدرا بە ئازادی کارەکانیان بکەن، لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و هەڕەشە دەبنەوە.

 

کەمبوونەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس گەیشتووەتە ئاستێکی نیگەرانکەر، هەر دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان دەستیان بە سەرکوتکردنی هەموو ڕۆژنامەنووسان کرد و بەتایبەتیش دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووسی سەختتر کرد، هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان و دەستگیرکردن و ڕاگرتن و تۆقاندن و هەراسانکردنەکان دەستیپێکرد.

 

جگە لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە ژنانی ڕاگەیاندنکار، تاڵیبان دەستی کرد بە هەراسانکردنی ژنان لە میدیاکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی بۆ ئەوەی کارەکانیان قورس بکات و ناچاریان بکات بە وازهێنان، یەکێک لەو یاسایانەی تاڵیبان بەسەر ژناندا سەپاندی ڕێسای توندی جل و بەرگ و حیجابی زۆرەملێ بوو.

 

هەروەها گەشتکردن لە ژنان بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو قەدەغەکرا و ئەمەش وایکردووە کاری مەیدانی بۆ ژنان ئەستەم و سەخت بێت، هەروەها دەرکەوتنی ژنان لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان قەدەغە کراوە و تاڵیبان بە شێوەیەکی کاریگەر دەیەوێت ژنان بە تەواوی لە میدیادا نەمێنین.

 

بەهۆی ئەم یاسا سەپێندراوانەی تاڵیبان زۆرێک لە ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و زۆرێکیان لە وڵات هەڵاتوون، ئەو ژنانەی کە تەنها سەرچاوەی پەیداکردنی داهاتی خێزانەکانیان بوون، ئێستا لە بێدەسەڵاتیدا دەژین و ڕێگەیان پێنادرێت لەسەر کارامەییەکانیان کاربکەن و هەوڵبدەن خۆیان پێبگەیەنن.

 

پێشکەوتنی ساڵانێک سەبارەت بە پەرەپێدانی میدیا و بەهێزکردنی ژنان و بنیاتنانی توانای ژنان لە میدیادا لەلایەن تاڵیبانەوە تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا هەڵوەشاوەتەوە، هەموو ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی ساڵانێک زەحمەتیان کێشاوە و لێهاتووییەکانیان بنیات ناوە سەرەڕای سەختییەکانیان ئێستا یان لە ماڵەوە ماونەتەوە یان لە دۆخێکی سەخت دەژین و هەندێکیان لە هەوڵی گەیشتنیان بە پەناگەیەکی سەلامت گیانیان لەدەستداوە.

 

 ژنە ڕۆژنامەنووسەکان لە پێناو ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ ژیانکردن و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان پەنا بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەبەن و لەو ڕێگەیەدا چەندین پەنابەر گیانیان لەدەستداوە، لە پێناو گەیشتن بە هیوایەک ڕۆژنامەنووسان ڕێگەی مەترسیدار و نایاسایی کۆچبەریی هەڵدەبژێرن.

 

لەناو ئەفغانستان، بێهیوایی خەڵک بۆ قازانجی دارایی دەقۆزرێتەوە، بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی گەشتیاری بنەڕەتی بەهۆی دواکەوتنی درێژخایەن و مەرجە سەختەکان و ڕێکارە پشێوییەکانەوە خراپتر دەبێت، ئەمەش بە مانای کردنەوەی ڕێگە نایاساییەکان دێت بۆ وەرگرتنی پارەی زیاتر لە کەسانی بێدەسەڵات کە لە پێناو ژیانی خۆیان ڕادەکەن.

 

بۆ نموونە تێکڕای کرێی پاسپۆرت لە ئێستادا زیاترلە ٣٠٠٠ دۆلارە و کرێی ڤیزەی پاکستانی ١٢٠٠ دۆلارە، ئەمەش وا دەکات چۆڵکردنی یاسایی لە ئەفغانستان بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە مەترسیدان ئەستەم بووە ئەمەش ناچاریان دەکات ڕێگا نایاساییەکان هەڵبژێرن، بۆ ئەوانەی ئەم ڕێگایە دەگرنەبەر دەرئەنجامەکانی مەترسیدارن لە زۆر حاڵەتدا لە وڵاتانی دراوسێدا ئەو کەسانەی کۆچدەکەن دەستگیردەکرێن و دەستبەسەردەکرێن.

 

ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان بەهۆی چەندین بابەتی بێشومارەوە ناتوانن درێژە بە کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان بدەن لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆشیان، وەک نەبوونی دەرفەت لە وڵاتانی نیشتەجێبوونی کاتی، بەربەستی زمان، بەربەستی یاسایی و جیاکاری لە دژی ئەفغانییەکان.

 

ژنە ڕۆژنامەنووسان کە لەدەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان دەژین یان ناچاردەکرێن لە ماڵەوە بمێننەوە یان ناچار دەکرێن کاری سەخت بکەن بۆ ئەوەی بە سادەیی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هەندێکی دیکەیان واز لە پیشەکانیان دەهێنن و کاری دیکە دەکەن، ڕۆژنامەنووسێک لەم دواییانەدا لە تویتەر و پلاتفۆرمەکانی تری سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە سەبارەت بە فرۆشتنی یەکێک لە گورچیلەکانی بۆ ئەوەی بڕێک پارە بەدەستبهێنێت و بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لە دەربەدەری لە پاکستان دابین بکات.

 

ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی ئەفغانستان لە بێزاری لە بێکاری و بێتوانایی لە بەدەستهێنانی هیچ پشتیوانییەکی مرۆیی، هەموو بەڵگەنامە ئەکادیمی و پیشەییەکانی خۆی خستە زبڵدانەوە، وە ڕۆژنامەنووسێکی دیکە کە کە کەسێکی باڵایە و پێشینەیەکی بەهێزی لە کارەکەیدا هەیە بە ناچاری لە شەقامەکاندا کاردەکات.

 

بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژنامەنووسان بە گشتی و ژنانی ڕۆژنامەنووس بە تایبەتی ڕزگار بکرێت، پێویستە جیهان هەنگاو بنێت بەرەو چارەسەری، هەمووان دەتوانن هاوکار بن لە پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ، وۆرک شۆپ، ڕاهێنان و دەرفەتی دیکە بۆ ڕزگارکردنی میدیا لە مردن.

 

و لە کۆتاییدا فشار بخەنە سەر تاڵیبان بۆ پێچەوانەکردنەوەی بڕیارەکانی کە سەرکوتکاری و هەڵاواردنی ڕەگەزی دروستکردووە و نەوەکانی ئەفغانی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەرد.