لە ئەفغانستان توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە نێوان تێکچوونی پراکتیکەکانی مافی مرۆڤدا پەرەدەستێنێت
لەگەڵ بەردەوامی خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ و مانەوەی لێپرسینەوە بە لاوازی، کوشتنی ژنان و منداڵان لە ئەفغانستان بەردەوامە، داتا بەڵگەدارەکان دەریدەخەن کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم حەوت ژن و پێنج منداڵ لە ڕووداوی جیاوازدا کوژراون.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-ئامار و ڕاپۆرتە میدیاییەکان کە لە نێوان ٢٢ی ئایار و ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بڵاوکراونەتەوە، بەردەوامی کوشتنی ژنان و منداڵانیان لە سەرانسەری ئەفغانستان ئاشکرا کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مافەکانی مرۆڤ و بارودۆخی ئەمنی تێکدەچێت و نەبوونی میکانیزمی کاریگەر بۆ لێپرسینەوە و دادگاییکردنی تاوانباران.
بەپێی داتا بەڵگەدارەکان، لەماوەی مانگەکەدا لانیکەم حەوت ژن و پێنج منداڵ لە ڕووداوی جیاوازدا کوژراون، لەوانە توندوتیژی خێزانی و ئەوەی پێی دەوترێت "کوشتن بە بیانووی شەرەف" و کوشتنی بە ئەنقەست، هەروەها ژنێکی گەنجیش دوای ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری بەزۆر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، جگە لەوەش هێرشەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١١ منداڵ و ژن و پیاوێکی بەتەمەن.
ئەوانەی ئەم ڕووداوانەیان بەڵگە کردووە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو ئامارە ڕاگەیاندراوانە نوێنەرایەتی ڕادەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان ناکەن، چونکە زۆرێک لە تاوانەکان بەهۆی ترس و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندییان بە پاراستنی زیانبەرکەوتووانەوە هەیە، بەبێ ڕاپۆرت یان بێ بەڵگەنامە دەمێننەوە.
ڕووداوە سەرەکییەکان لە ماوەی مانگەکەدا
ڕۆژی ٢٢ی ئایار، تەرمی منداڵێک لە ڕووبارێک لە ناوچەی کەما سەر بە پارێزگای نەنگرهار دەرهێنرا، لە دوای دوو ڕۆژ، فەرەحناز بەدخشی، دایکی چوار منداڵ، لە کاتی شەڕ و پێکدادانێکدا لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی پارەی "سەرای شەهزادە" لە کابول، بەهۆی تەقەیەکەوە گیانی لەدەستدا، کوڕی ئەڵاغول موجاهید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەفغانستان دەستی لەو ڕووداوەدا هەیە.
لە ٣٠ی ئایاردا، ژنێکی گەنج لە پارێزگای "میدان ورداک"، دوای ئەوەی فشاری زۆری لەسەربووە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری، کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمەش تیشکی خستە سەر بەردەوامی ئازارەکانی منداڵانی کچان بەهۆی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە، ڕۆژی دواتر پیاوێک لە ناوچەی "سرخ رود" سەر بە پارێزگای نەنگرهار ژن و کچە گەنجەکەی کوشت و کوڕەکەیشی لە هەمان ڕووداودا بریندار بوو.
لە ٤ی حوزەیران، ژنێک و پیاوێک لە ناوچەی کۆز کونار لە پارێزگای نەنگرهار لەلایەن برای ژنەکەوە کوژران، کە گوایە بەهۆی پەیوەندییەکی دەرەوەی هاوسەرگیرییەوە بووە، ڕۆژی ٥ی حوزەیران، فرشتە عیماد، کارمەندی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناوچەی ١١ی ئەمنیی کابول بە گوللـە کوژرا.
ڕۆژی ٧ی حوزەیران تەرمی ژنێک لە ماڵەکەی خۆی لە شاری هێرات دۆزرایەوە، هەر لەو ڕۆژەدا تەرمی منداڵێکی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە ناوچەی کەما سەر بە پارێزگای نەنگرهار دۆزرایەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە خەڵکی ناوچەیکی دیکەی پارێزگاکە بووە، ڕۆژی دواتر ژن و پیاوێک لە یەحیا خیل لە پارێزگای پاکتیکا دوای ئەوەی تۆمەتبار کران بە پەیوەندی خۆشەویستی دەرەوەی هاوسەرگیری، کوژران.
هێرشەکانی سوپای پاکستان بۆ سەر پارێزگاکانی کنر و خوست و پاکتیکا لە ١٠ی حوزەیران بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٤ هاوڵاتی مەدەنی کە ١١ منداڵ و ژنێک و پیاوێکی بەتەمەنی تێدایە، لە یەکێک لە کوشندەترین ڕووداوەکانی ئەم مانگەدا.
لە ١٣ی حوزەیران، منداڵێکی کچی تەمەن ١٤ساڵ لە کلکان لە پارێزگای کابول کوژرا، دوای ئەوەی باوکی کوشتی بەهۆی ئەوەی گوایە قسەی لەگەڵ کوڕێکی دراوسێی کردووە.
ڕۆژی ١٤ی حوزەیران، منداڵێکی کچی تەمەن هەشت ساڵ لە نرەنگ سەر بە پارێزگای کنر لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا، تا ئێستا بارودۆخی تاوانەکە ناڕوونە.
لە ٢٠ی حوزەیران، زانایەکی ئایینی و دادوەری پێشووی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان، کە هاوکات دادوەری حکومەتی تاڵیبان بووە، لە ناوچەی باتی کۆت لە پارێزگای نەنگرهار تەقەی لە هاوژینەکەی کرد و گیانی لەدەست دا.
ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی سووڕی بەردەوامی توندوتیژییە کە ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج لە ئەفغانستان، کە بە نەبوونی پاراستنی یاسایی، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و بێ سزای بەرفراوان تایبەتمەندە، ئەم دۆخە نیگەرانی پەرەسەندنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی تێکچوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا دروست دەکات.