کوشتنێک لە ئێران سستی سیستەمی دادوەری ئاشکرا دەکات

کوشتنی ژنێک لە لایەن دەزگیرانی پێشوویەوە لە تارانی پایتەختی ئێران، تەنها ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو سستی و کەموکوڕییەکی پێکهاتەیی لە پاراستنی ژنان ئاشکرا دەکات.

ناوەندی هەوڵ

 

 زۆرێک لە تاوانبارانی ژنکوژی لە ئێران بە هۆی کەلێنی یاسایی، لایەنگری ڕەگەزی لە سیستەمی دادوەری و میکانیزمی خۆپاراستن و لێپرسینەوە لە سزا ڕزگاریان دەبێت، ئەم بێ سزایە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی تاکڕەوانەیە کە مافەکانی ژنان پەراوێز دەخات و تاوانباران لە لێپرسینەوەی کاریگەر دەپارێزێت.

 

کوشتنی موبینا زاری تەمەن ٣٠ ساڵ، کە دانیشتووی شاری ئیسلام شەهرە، قووڵایی هەڵاواردنی ڕەگەزی و کەموکوڕییەکانی سیستەمی دادوەری ئێرانی ئاشکرا کرد، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕەسمی کە لەلایەن پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم، بێسەروشوێنبوونی ڕاگەیەندراوە، دوای سێ ڕۆژ تەرمەکەی لە باخچەی ماڵی باوکی دەزگیرانی پێشووی لە ڕەبات کەریم دۆزراوەتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، موبینا زاری لەلایەن دەزگیرانی  پێشوویەوە لە ناو وەرشەی باوکیدا بە تاوانێکی بە ئەنقەست کوژراوە، چونکە تۆمەتبارەکە هەڵهاتووە پێش ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

 

سەرەڕای ئەوەی هەواڵەکان بڵاوبوونەتەوە کە تەرمی قوربانییەکە لە کورەی توانەوەی ئەلەمنیۆمدا سووتاوە، بەڵام سەرچاوە ڕەسمیەکان ئەم وردەکاریانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، لەوانەش شوێنی تاوانەکە و شێوازی فڕێدانی تەرمەکە، تەنها باس لەوە دەکەن کە کوشتنەکە لە شوێنێکی دیارینەکراودا ڕوویداوە.

 

لەگەڵ دەرکەوتنی وردەکارییەکانی دۆسیەکە، بەتایبەتی پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە تاوانبارەکە لە ئێران هەڵاتووە، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان پێیان وایە، ئەم تاوانە لە یەک ڕووداو تێدەپەڕێت، کە نموونەی شێوازێکی توندوتیژیی پێکهاتەییە و ژنان دەکاتە قوربانی و بێ سزایی بە پیاوان دەبەخشێت لە چوارچێوەیەکی یاساییدا کە یەکسانی ڕەگەزی تێدا نییە.

 

گێڕانەوەی ڕەسمی کوشتنی موبینا زاری دۆسیەکە لە چوارچێوەیەکی تاوانکاری نەریتیدا دەخاتە ڕوو: ڕاپۆرتی کەسی ونبوون، دۆزینەوەی تەرمەکە، هەڵهاتنی تۆمەتبارەکە و بەدواداچوونی لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە بە تەواوی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و یاساییانە پشتگوێ دەخات کە ئاسانکاری بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دەکەن.

 

''تاریکی ڕەمزی دەوروبەری کوشتنەکان ڕەنگدانەوەی نەخشێکی جیاکاری ڕەگەزییە''

لە ڕاپۆرتەکانی ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێراندا، شوێن و ناسنامەی قوربانییەکە بە ڕوونی باسکراوە، لە کاتێکدا ناوی تەواوی بکوژەکە دیارنیە، ئەمەش ڕەخنەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە، زۆر کەس ئەم ڕەشکردنەوە ڕەمزییە بە بەرجەستەکردنی نەخشێکی جیاکاری ڕەگەزی دەبینن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پیاو لە بەرپرسیارێتی بێبەری دەکات و بارگرانی "شەرمەزاری" دەخاتە سەر ژنان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕوونی پێکهاتەیەکی تاکڕەوانەیە کە نایەکسانی بەردەوام دەکات و دادپەروەری ڕەگەزی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بکوژەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە دەستبەجێ وڵاتی بەجێهێشتووە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا پرسیار لەسەر دژایەتییەکی ڕواڵەتی لە جێبەجێکردنی سنووردارکردنی یاساییدا دروست بووە، کە بۆچی ڕێگری لە سەفەرکردنی زیندانییە سیاسییەکان دەکرێت تەنانەت دوای ئازادکردنیان، لەکاتێکدا کەسێکی تۆمەتبار بە کوشتن دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئێران بەجێبهێڵێت؟.

 

ئەم نایەکسانییە تیشک دەخاتە سەر کەموکوڕییەکی پێکهاتەیی لە سیستەمی چاودێری دادوەری و ئەمنیدا، کە زۆرجار نەرمی بەرامبەر بە پیاوان نیشان دەدات، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەری دارایی یان خێزانیییان هەیە، ئەم کەموکوڕییە پێشتر لە دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی یاریزانی ناسراوی تۆپی پێی بجمان جەمشیدی، دەرکەوت کە دوای ئازادکردنی بە ڕەسمی ئێرانی بەجێهێشت و بەرەو کەنەدا سەفەری کرد بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی ببێتەوە.