کورتە فیلمی "نامەیەک بۆ خوشکەکەم" پلەی دووەمی فێستیڤاڵی گەنجانی بەدەستهێنا

کورتە فیلمی "نامەیەک بۆ خوشکەکەم" کە لەلایەن خوشک و برایەکی ئەفغانییەوە دروستکراوە، پلەی دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گەنجانی بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

کورتە فیلمی "نامەیەک بۆ خوشکەکەم" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی گەنجان بەناوی "+Plural" لە گروپی تەمەنی ١٢ بۆ ١٧ ساڵ پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

 

ئەم فیلمە لەلایەن خوشک و برایەکی ئەفغانی بەناوەکانی هێلین و عیرفان ئەحمەدی لە شاری هەرات دروستکراوە، کە باس لە هەڵاواردنی ڕەگەزی دەکات لە ئەفغانستان و چیرۆکێکە دەربارەی بێبەشکردنی ژنان لە مافی خوێندن و بێزاری برایەک لەسەر مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ خوشکەکەی.

 

هێلین و عیرفان ڕایانگەیاند، مەبەست لە دروستکردنی ئەم فیلمە نیشاندانی کاریگەرییەکانی قەدەغەکردنی خوێندنە لەسەر ژیانی ژنانی ئەفغانی.

 

ماڵپەڕی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی گەنجان ڕاگەیاندراوێکی  بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کورتە فیلمە دەرئەنجامەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی لەسەر ژنان و خێزانەکان، کۆچی زۆرەملێی خێزانە ئەفغانییەکان، بێدەنگی پیاوان لە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە بێبەشکردنی ژنان لە پەروەردە، هەروەها کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم بێبەشییە، لەوانەش خەمۆکی ژنان کردووە.

 

هێلین ئەحمەدی دوای تەواوکردنی پۆلی شەشەم، لە خوێندن بێبەش بوو و براکەی هیوادارە بردنەوەی ئەم کورتە فیلمە، دەرفەتی پەروەردەیەک بۆ خوشکەکەی دابین بکات.

 

فێستیڤاڵی کورتە فیلمی "+Plural" لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، لە لایەن ئۆفیسی "هاوپەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شارستانیەتەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لەگەڵ تۆڕێکی زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو لە سەرانسەری جیهان، بە ئامانجی ناساندنی گەنجان وەک بریکارەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی گەنجان بەڕێوەدەچێت، کە دیدگا داهێنەرەکانیان لەگەڵ جیهاندا بەیەکەوە بەش بکەن و ڕێز لە جیاوازییە کولتوورییەکان و هەمەچەشنی بگرن.