کوردوین ئەیووب، دەرهێنەری کورد لە سویسرا خەڵاتی بەدەستهێنا

کوردوین ئەیووب، کچە دەرهێنەری کوردی تەمەن ٣٤ ساڵ، بە فیلمی “مانگ” لە سویسرا خەڵاتی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ٧٧ـەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆى بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوردوین ئەیووب، دەرهێنەری کوردی تەمەن ٣٤ ساڵ، بە فیلمی "مانگ" لە سویسرا خەڵاتی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ٧٧ـەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆى بەدەستهێنا، فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای "Ulrich Seidl" بەرهەمهێندراوە و هەردوو دەرهێنەری نەمسایی، ئۆلریخ زایدڵ و ڤێرۆنیکا فرانز وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و پرۆدیوسەر کاریان لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا کردووە.

 

فیلمی "مانگ" باس لە یاریزانێکی پێشووی هونەرە جەنگییەکان دەکات بە ناوی "سارا"، کە نەمسا جێدەهێڵێت بۆ ئەوەی ببێت بە راهێنەری سێ ژنی خێزانێکی دەوڵەمەندی ئوردنی، بەڵام کاتێک دەگاتە ئەوێ، بۆی دەردەکەوێت ئەو سێ ژنە لە جیهانی دەرەوە دابڕێندراون و لەژێر چاودێریی بەردەوامدان.

 

کوردوین ئەیووب لە ساڵی ١٩٩٠ لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەیدا بەرەو نەمسا کۆچیان کردووە و لە ڤییەنا خوێندوویەتی و لە زانکۆی هونەرە پراکتیکییەکاندا بەشی شێوەکاری و ئەنیمەیشنی تەواوکردووە.

 

کوردوین ئەیووب لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە دەستی بە دەرهێنانی کورتەفیلم کردووە و تا ئێستا خاوەنی ١٥ کورتەفیلم و سێ فیلمی درێژە، لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ڤییەنادا خەڵاتی کورتەفیلمی "MehrWERT"ی بەدەستهێناوە.