کەسوکاری زیندانیان دژی سزای لەسێدارەدان لە تاران گردبوونەوە
زیندانیانی قزل حەسار دژی سزای لەسێدارەدان لە پێنجەم ڕۆژی مانگرتندان و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ کەسوکاری زیندانیانی زیندانی قزل حەسار لەبەردەم پەرلەمانی تاران گردبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی دەنگی کورد و ئێران سەبارەت بە گردبوونەوەی کەسوکاری زیندانیانی زیندانی قزل حەساری کەرەجی ئیران و دژی سزای لەسێدارەدان بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ کەسوکاری زیندانیانی زیندانی قزل حەساری کەرەجی ئێران لەبەردەم پەرلەمانی تاران گردبوونەوە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر سزای لەسێدارەدان و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکە دەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی دەستێوەردانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گردبوونەوەکە توندوتیژی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان بە باتوم هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و کە ژمارەیەک ژنی تێدا بوو، بەڵام کەسوکاری زیندانییەکان بە بەرگریکردنەوە بەردەوامیان بە ناڕەزایەتییەکەیان دا.
باس لەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکانی شارەکە ژمارەیەک لە خۆپیشاندرانیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستگیر کردووە.
لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هەزار و ٥٠٠ زیندانی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە زیندانی قزل حەسار دژی سزای لەسێدارەدان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، لە چەند ڕۆژت ڕابردوو ١٧ زیندانی لە زیندانەکە لەسێدارە دراون.