كەسوكاری ئەنفالكراوانی كۆیە دژی شێواندنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ناڕەزایەتییان دەربڕی
بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی سنووری كۆیە بەهۆی شێواندن و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە ڕێگەی شۆفڵ و حەفارەوە گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و چەند داواکارییەکیان خستەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٣ی ئەیلول، لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە هەولێر، بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان، بەهۆی شێواندن و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە شۆفڵ و حەفارە گردبوونەوە و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.
ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو شوێنە زیاتر لە ١٠ گۆڕی بەكۆمەڵی تێدایە و تەنیا یەك گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، كە ڕووفاتی هەزارو ٧٢٠ كوردی تێدا بوو، بەشێوەیەكی زۆر خراپ و نادرووست و نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنە دەكەن، بەجۆرێك كەلەسەری مرۆڤ لە بن كێلەی حەفارەكاندا بەدیار دەكەوێت.
لە كۆنگرەكەدا چەند خاڵێك وەك داواكاریی خرایەڕوو، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١- هەموو بەرپرسانی كورد لە حكومەتی عێراق بەرپرسیارن بەرامبەر بە شێواندنی ڕووفاتی ئەنفالكراوان، پێویستە چیتر ڕێگە نەدەن كارێكی لەو شێوەیە بكرێت.
٢- داوا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەكەن، ئەو كارە بووەستێنێت و بە وەزارەتی شەهیدانی عێراقی بسپێرن.
٣- داوا لە وەزارەتی شەهیدانی عێراق دەكەن پەلە بكات لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ڕێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بە زووی ڕووفاتەكانیان بگەڕێنرێتەوە زێدی خۆیان.
٤- پێویستە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی جدیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو بێ ڕێزیەی بە ڕووفاتی ئەنفالكراوان دەكرێت و داوای ڕاگرتنی بكات.
٥- نابێت ڕووفاتی ئەنفالكراوان بگەڕێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان تا دی ئێن ئەییان بۆ كەسوكاریان دەكرێت.
٦- گۆڕە بەكۆمەڵەكان ڕووفاتی هەركەسێك بێت پێویستە بەشێوەیەكی تەندرووست و مرۆڤانە هەڵبدرێنەوە، نەوەك وەكو ئەوەی ئێستا دەكرێت.
دوێنێ محەمەد هەیسەم، چالاكوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو، دوای دیاری كردنی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە ساڵی ٢٠١٨ لە تل شێخەی ڕۆژئاوای شارۆچكەی سەلمان لە پارێزگای موسەننا ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە، بەپێی زانیارییەكان ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە تەرمی هاوڵاتییانی كوردی تێدایە، كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زیندە بەچاڵكران.