کرێکارانی کۆچبەر ئاهەنگەکەمان کشانەوەی دەوڵەتی تورکیایە لە خاک و ماڵەکانمان
کرێکارانی کۆچبەر کە لە کۆپەراتیفە تەنووری عیشتار کار دەکەن و پشکی خۆیان لەو کۆچەدا وەرگرتووە، باسیان لە ٨ی ئادار کرد و ڕایانگەیاند کە بە کشانەوەی دەوڵەتی تورک لە ماڵ و خاکەکانیان، بەختەوەر دەبن.

سورگول شێخۆ
تل تەمەر – ئەو ژنانەی کە ئازاری ئاوارەبوونیان بەخۆوە بینیوە و ماڵەکانیان داگیرکراوە، ناسنامەکانیان پێشێل کراوە، مێژوویان دزراوە و دیمۆگرافیای هەرێمەکەیان گۆڕاوە، وەک مرۆڤی ئاسایی ناژین. لەوانەیە جەستەیان لێرە بێت، بەڵام هێشتا ڕۆحیان و دڵیان لەوێدا ماوەتەوە و لێدەدات، لەو ماڵانەی کە بەجێیان هێشتووە و ناچار بوون کۆچیان بۆ بکەن. چاوەڕوانییەکانیان بەپێی ئەو پرۆسەیەی ناوچەکەیان پێیدا تێدەپەڕێت، ناتوانرێت خەونەکانیان بەراورد بکرێت بە خەونی ئەو کەسانەی کە دوور لە شەڕ دەژین.
٨ی ئادار ڕۆژێکە کە ژنانی جیهان بە هێمای گوڵەبەڕۆژەیەکی سوور و پارچە نانێک کۆدەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ خەبات و بەرخۆدان زیاتر لە جاران یەکگرتووی کردوون، و بە فەلسەفەیەک، کە ژن دەژی، ئازادییە، بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی خەباتیان هەنگاو دەنێت.
کۆنگرەستار یارمەتیان دا
خۆشبەختی ئەو ژنانەی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە ئاوارەبوون لە شاری سەرێکانییە، تا ئێستاش بە ناتەواوی ماوەتەوە و هۆکارەکەشی داگیرکاریی تورکیایە. ئەو ژنانە کە هاوکات پەنابەر بوون، ئەمڕۆ لە گوندی ئاشووری تل نەسری لە نزیک تەل تەمەر لە کانتۆنی جزیرێ لە هەرێمی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین. کۆپەراتیفی تەنووری عیشتار بە پاڵپشتی کۆمیتەی ئابووری کۆنگرەستار بۆ ژنان کرایەوە. ئەمڕۆ ئەو ژنانەی کە هەم ناسنامەی ژن و هەم شوناسی کۆچبەران و کرێکاران لە باوەش دەگرن، کە دەسەڵاتیان پێدەبەخشێت، لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، بۆچوونەکانیان لەگەڵ ئاژانسەکەماندا بەیەکەوە باسکرد.
ئەمینە حسێ دوو ئاوارەبوونی بەخۆیەوە بینیوە، یەکێکیان لە شاری حەلەبەوە کاتێک لەلایەن چەتەکانی جەبهەت نوسرە هێرشیان کرایە سەر، دووەمیان لە سەرێکانییە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە.
'ژن دەبێت مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی داهاتووی خۆی مسۆگەر بکات'
ئەمینە حسێ ئاماژەی بەوەشکرد، شانازی بە هاتنی ٨ی ئادارەوە دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "دەبێت ژنان داوای مافەکانیان بکەن، بەتایبەتی بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویان". وەک ئەمڕۆ نەبوو، پێشتر ئەم خەباتە نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ژنان کار دەکەن، دەیانەوێت سەرکەوتوو بن، و ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن. ژنانی ئەمڕۆ وەک ژنانی دوێنێ نین، لە تێگەیشتنیاندا زانا و پێشکەوتوون. لە ڕابردوودا ژنان تەنیا لە ڕێگەی کاری مەیدانی و کشتوکاڵەوە منداڵیان بەخێو دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازە. ژن دەتوانێت هەر کارێک بکات. پیاوانی ئەمڕۆ پێویستیان بە گۆڕینی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن شانبەشانی ژنان کاربکەن و بەو تێگەیشتن و باوەڕە لێیان نزیکببنەوە کە ژنان هەر وەک ئەوانن. "ژیان ئاسانتر دەبێت کاتێک یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنی یەکتر لە نێوان ژن و پیاودا هەبێت".
هیواکانی لە پشت چاوەڕوانیدا، چاوەڕێی جێبەجێکردنن
ئەمینە حسێ هیوا و داواکارییەکانی سەبارەت بە ٨ی ئادار دەربڕی و وتی: "داواکاریی ئێمە ڕزگارکردنی سەرێکانییە لە داگیرکارییەکانی تورکیا، بۆ ئەوەی گەلی کورد خاوەنی پێگەیەک بێت و کورد لە شەڕەکەیدا سەرکەوتوو بێت. بە هیوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە ڕۆژێکی وەک ٨ی ئادار. "لە هەمان کاتدا خۆشی ئێمە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تەواو دەبێت".
'یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە پێویستییەکە'
ئەمیرا مجرس هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای هەموو تێکۆشانەکان هێشتا ژنان بە ماف و داواکارییەکانی خۆیان نەگەیشتوون و دەشڵێت: "هەر بۆیە داواکاریی ئێمە یەکسانییە، بۆ ئەوەی ژن و پیاو لە یەک ئاستدا بن. ئەمەش پێویستییەکە، چونکە ژنان لە پیاوان زیاتر کاردەکەن و زیاتر لە پیاوان بەشداری کۆمەڵگەکانیان دەکەن و لەبەرامبەر هەر ئاستەنگییەکدا لە پیاوان وریاتر مامەڵە دەکەن. ژن دەتوانێت هەر شتێک بکات کە پیاو بتوانێت بیکات، ژنان هێزی ئەوەیان هەیە لە کۆمەڵگەدا بیکەن. ژنێکی بەهێز و بوێر دەتوانێت بە تەنیا شەڕ بکات. ئەرک و بەرپرسیارێتی هاوبەش بێت و هەمووان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەبێ ئەوەی یەک ئیرادە لەسەر حیسابی یەکێکی تر بێت.
ئارەزووی کۆچبەرێک کە هەمیشە خۆشییەکانی ناتەواون
ئەمیرا مجرس ئاماژەی بەوەدا کە وەک پەنابەرێک داواکاری ڕەوایشی هەیە و ئەو داواکاریانەی بەم شێوەیە خستۆتە ڕوو: "ئێمە پەنابەرین، بۆیە داوای کشانەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکەین لە خاکەکەمان و جارێکی دیکە هەموو شار و زەوییەکانمان بگەڕێندرێتەوە دەست گەلەکەیان". خۆشییەکانمان نیوە دڵن، چونکە زەوی و شار و ماڵەکانمان داگیرکراون. کۆچ جۆرێکە لە توندوتیژی، بۆیە تا ئەم توندوتیژییە کۆتایی پێدێت و شارەکانمان ئازاد نەکرێن، هەموو خۆشییەکانمان لە نیوە دەمێننەوە. جەژنمان بۆ ژنانی کۆچبەر، ئازادکردنی خاکەکەمان و گەڕانەوەیە بۆ ژیان لە سایەی ماڵەکانماندا. لە کاتێکدا ماڵەکەم لە ژێر داگیرکاریدایە چۆن جەژنەکەم بەڕێوە دەبەم؟ جەژنی هەموو دایکێک تایبەتە بە خۆشگوزەرانی وڵاتەکەی و بوونی پیشە. تەنها ئەو کاتە دەتوانین بڵێین جەژنەکەمان ئاهەنگێکی تەواوە و لە دڵەوە بە خۆشی بژین. هەروەها هیوادارین ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان دەرکەوێ و بگەڕیتەوە بۆ ناو ژنان و خەڵکەکەی. "خەونی ئێمە وڵاتێکی ئازاد و جیهانێکی بێ توندوتیژییە، کە ژن و پیاو بە یەکسانی دەژین".