کردەوەکانی تاڵیبان توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا زیاد دەکات
تاڵیبان بە شەق لێدانی هاوڵاتیان بە ئاشکرا توندوتیژی و ترس و نائەمنی لە کۆمەڵگەدا زیاد کردووە، بە تایبەتی ژنان کە بەهۆی ئەمەوە زیانی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییان بەرکەوتووە.
بەهاران لاهیب
ئەفغانستان- دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە دەسەڵاتی لە ئەفغانستان وەرگرتەوە، بەردەوام بوون لە پراکتیزەکانیان، یەکێک لەوانە شەق لێدانی خەڵکە لەبەردەم هەموواندا، تاڵیبان شەلاق لێدان بە "جێبەجێکردنی یاسای شەریعە" وەسف دەکات و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەمە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.
ئەو شوێنانەشی کە خۆیان بۆ ئەم سزایانە ئامادە دەکەن بریتین لە گۆڕەپانی وەرزشی و حەوشەی دامودەزگا حکومییەکان و مزگەوتەکان، تاڵیبان خەڵک ناچار دەکات سەیری ئەم دیمەنانە بکەن.
ئەم سزایانە زیاتر لە ئەنجامی بڕیارەکانی دادگاکانی تاڵیبان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام دادگاکان لە بەڵگەی باوەڕپێکراو و پارێزەری بەرگری و پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەشن.
زۆر کەس لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ یان ناڕەزایی خێزانی سزا دەدرێن، دادگاییکردنەکان کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، لە ماوەیەکی کورتدا بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بەڕێوەدەچن، کە لە ئەنجامدا زۆر کەس بە پاساوی ناڕوون یان بەبێ بەڵگە سزا دەدرێن.
هەندێک لە بیانووەکانی شەق لێدان بریتین لە "تێکەڵی نایاسایی"، "ڕاکردن لە ماڵەوە"، "چوونە دەرەوەی ژنان بە تەنها بەبێ هاوژین"، "خواردنەوەی مەی"، "هەستکردن بە پەیوەندی خۆشەویستی لە دەرەوەی هاوسەرگیری" و شتی وەک "دزی"، کە زۆرێک لەو تاوانانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوان هەژمار ناکرێن، بەڵام تاڵیبان تاوانەکانیان بە "تاوانی ناشەرعی" پۆلێن دەکات، ژنان ئەوانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا بە هەستیارتر دادەنرێت و سزادانی گشتی لێکەوتەی خراپتری بۆ ئەوان هەیە.
ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەریدەخەن، کە زۆرێک لە ژنان لە پارێزگاکانی فاریاب، بادغیس، تەخار، غەزنی، هەرات، کابول، بامیان، غەور و ئەوانی دیکە بە ئاشکرا شەقیان لێدراوە بەهۆی قسەکردن لەگەڵ کەسانی غەیرە خزم، دەربازبوون لە توندوتیژی خێزانی یان چوونە دەرەوە بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو.
هەندێک لەو ژنانە باسیان لەوە کردووە، کە دوای سزاکە لە خێزانەکانیان دەرکراون یان ڕووبەڕووی چەواشەکارییەکی کۆمەڵایەتی توند و تۆمەتبارکردنی بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگەوە بوونەتەوە، جگە لە زیانە جەستەییەکان، شەق لێدان شوێنەواری قووڵی دەروونی لەسەر ژنان بەجێدەهێڵێت، وەک ترسی درێژخایەن، خەمۆکی، کابوس و لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتیان لەسەر بەڵگەنامەکردنی دەیان حاڵەتی شەق لێدان هەیە، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن، زۆربەی ئەم پێشێلکاریانە لە ناوچە دوورەدەستەکان ڕوودەدەن و دانیشتووانیش لە ترسی تاڵیبان دەترسن ڕاپۆرتیان بدەن، جگە لەوەش، سنووردارکردنی توندی ڕاگەیاندنەکان، نەبوونی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و کەش وهەوای سەرکوتکردن، بەڵگەنامەکردنی ئەم ڕووداوانە لە ڕادەبەدەر قورس دەکات، ئامارە بەردەستەکان وەک داتایەکی تەنیا لەسەر کاغەز بەبێ هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی ڕاستەقینە دەهێڵنەوە.
چەندین زانا و پسپۆڕی ئایینی دووپاتی دەکەنەوە، کە جێبەجێکردنی سزا ئیسلامییەکان پابەندە بە مەرجی ورد و توند، لەوانە بوونی شایەتحاڵی متمانەپێکراو، ڕێکاری دادوەری دادپەروەرانە، هەروەها مافی تەواوی تۆمەتبار بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام هەموو ئەم مەرجانە لە سیستەمی دادوەری تاڵیباندا وون و شەق لێدان لە سزایەکی ئیسلامی تەواو شەرعییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ هەژموونی کۆمەڵایەتی و نمایشکردنی دەسەڵاتی سیاسی.
ئەم پراکتیزانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر کۆمەڵگە هەبووە، دیارترینیان بڵاوکردنەوەی ترسی بەربڵاو، سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاک، زیادکردنی فشار لەسەر ژنان و لاوازکردنی سیستەمی یاسایی کە لە ئێستادا سست بووە، هاوڵاتیان هەست دەکەن هیچ پارێزگارییەکی یاسایییان نییە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بەهۆی ڕاپۆرتێکی سادە یان سکاڵایەکی ئاساییەوە تووشی زەلیلی گشتی بکرێن، ئەمەش هەستی نائەمنی و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەدا قووڵتر دەکاتەوە.
بەگشتی شەق لێدانی گشتی لە سەردەمی ڕژێمی تاڵیباندا بووە هۆی زیادبوونی توندوتیژی و ترس و بێمتمانەیی لەناو کۆمەڵگەدا، کە بە تایبەتی زیانێکی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی توندی بە ژنان گەیاند، بەردەوامی ئەم پراکتیزانە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستاندا تا ئێستا لە ڕادەبەدەر ناجێگیرە و پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەیە.
ئەم ڕووداوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەفغانستان بەرەو توندوتیژیی سیستماتیکی زیاتر و سنووردارکردنی توندی ئازادییەکانی تاک دەڕوات، نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بەکارهێنانی سزای گشتی وەک ئامرازێکی سیاسی و هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەرامەت و ئاسایشی دەروونی ژنان و پیاوان، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی قووڵی مافی مرۆڤ.
تا ئەو سزا توندانە بمێنێت و سیستەمێکی دادوەری دادپەروەرانە دانەمەزرێت، هاووڵاتیان، بەتایبەتی ژنان، لە بەردەم ترس و زیان و نادادپەروەریدا دەمێننەوە، ئەم ڕاستییە داوای هەنگاوی خێرا لە ئەکتەرە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ ڕێگریکردن لە ئازاری زیاتر و کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی سەرکوت.