کۆنگرەی ستار هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد
کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا بەیاننامەیەکی دژی ئەو ڕووداوە بڵاوکردەوە کە دوێنێ لە قامیشلۆ ڕوویدا، ئاماژە بەوە کراوە، ئەوان لە دژی هێرشەکان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.
شەهبا
لەدژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی ئەو هێرشەی دوێنێ کە لە قامیشلۆ ڕوویدا و لە ئەنجامدا، خالیدە محەمەد شەریفی ٤٥ ساڵ، وتەبێژی کۆنگرەی ستارو کوڕەکەی هەژار عەدنان سلێمانی، گیانیان لەدەستدا , کۆنگرەی ستار عەفرین-شەهبا لە کامپی سەردەمی شارۆچکەی ئەحداسی شەهبا بەیاننامەی داو ئەندامانی کۆنگرەی ستار بەشداریان کرد و وێنەی خالیدە و کوڕەکەی و هەروەها ئاڵاکانی کۆنگرەی ستاریان بەرز کردەوە.
بەیاننامەکە لەلایەن ڕیحان عەلۆ، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار عەفرین-شەهبا خوێندرایەوەو ئیدانەی هێرشەکانی دوێنێی شاری قامیشلۆی کرد و وتی: بە ناوی ژنانی کانتۆنی عەفرین- شەهبا، بە توندی ئیدانەی بەئامانجکردنی وتەبێژی کۆنگرەی ستار خالیدە و هەژاری کوڕی دەکەین، بەم شێوەیە جارێکی دیکە ڕوونە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بە دانانی مین لەناو ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەت تەڤگەری ژنان و پێشەنگانی ژنان، خەباتی خۆتان لە دژی هێرشە جینۆسایدەکان بەرز بکەنەوە.
"ئێمە تێدەکۆشین و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان"
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕیحان عەلۆ داوای کۆتایی هێنانی بە هێرشە دڕندەکان کردو وتی: لە کاتێکدا دەمانەوێت هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری شەهیدان و تەڤگەرەکانی ژنانی ئازاد و سەرجەم ڕێکخراوەکانی ناوچەکە دەرببڕین، داوا لە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوەکان دەکەین دژی ئەم کارانە بوەستن و بێدەنگ نەبن، بە بیری جیهان دەهێنینەوە کە ئێمە بەرخۆدێری ئاشتیین و تا ئێستاش لە هێڵی خەباتدا دەڕۆین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، بڕیارمانداوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەهیدەکانمان، بۆ سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەرو مسۆگەر تێدەکۆشین و بەردەوام دەبین.
ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بمرێ خیانەت" کۆتایی هات.