كۆنگرەی ستار داوای پاراستنی عەلەوییەکان دەکات
کۆنگرە ستار ئەو پێشهات و کۆمەڵکوژییانەی لە کەناراوەکانی سووریا ڕوودەدەن شەرمەزار کرد و داوای پاراستنی خەڵکی مەدەنی کرد.

قامیشلۆ
لە ٦ی ئاداری ٢٠٢٥ەوە، گروپە جیهادییەکانی هەتەشەو گروپە توندڕەوەکان هێرش دەکەنە سەر عەلەوییەکان لە پارێزگاکان و ناوچە کەنارییەکانی سووریا و تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەسیان کوشتووە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژیانە، ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی لە بەردەم ناوەندی محەمەد شێخۆ بۆ کولتوور و هونەر لە شاری قامیشلۆی کانتۆنی جزیرە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە.
ئیبتیسام حسێن ڕاگەیەندراوەکەی خوێندنووەو وتی: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامانی ڕێکخراوی هەتەشە لەژێر چاودێری گروپە توندڕەوەکان لە شارەکانی سووریا وەک لازقیە و حومس و تەرتوس کە زۆربەی عەلەوییەکان تێیدا دەژین، کۆمەڵکوژی دژی ژنان و منداڵان و خەڵکی گشتی ئەنجامدەدەن و مامەڵەی نامرۆڤانە و دڕندەیییان لەگەڵدا کراوە، لەنێویاندا ڕفاندن و بازرگانیکردن، ئەو کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەی کە بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی بێ بەرگری ئەنجام دەدرێت، لە ڕووی ڕەوشتییەوە قبوڵنەکراو و نامرۆڤانەن، ئەم کۆمەڵکوژی و پراکتیزانە کە لە دژی هاووڵاتیانی سووریا ئەنجام دەدرێن، نوێنەرایەتی کردەوەی خودی جیهادییەکانە، منداڵ و ژن و خێزانێکی زۆر دەکوژرێن، هەرچەندە هۆکارەکانیان وەک لایەنگرانی ڕژێمی سووریا دەخەنەڕوو، بەڵام لەژێر ئەو ناوەدا ئایدۆلۆژیا و سیستمی جیهادی و ئیسلامی ڕادیکاڵی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
"بێدەنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەین"
دەبێت لە دژی ئەم تاوانە نامرۆڤایەتییانەدا بێدەنگی ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و نەتەوەیەکگرتووەکان قبوڵ نەکرێت، پێویستە دەستبەجێ لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکووژییانە و مەزهەبگەرایی هەڵوێست وەربگیرێت و پێش لەمانە بگیرێت. ئەم کارە دڕندانە ڕاستەوخۆ ئیدارەی شام ڕابەری دەکات.
هەربۆیە دەبێت هەموو هێزە دیموکراتیک، ڕای گشتیی نێودەوڵەتی، دامەزراوە و ڕێکخراوەکان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی مرۆڤانە ڕابەری بکەن، لەبەر ئەوەی ئیدارەی شام دووژمنی باوەڕییە جیاوازەکانە ناتوانێت بۆ گەلانی سووریا داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد دابمەزرێنێت. لەم کاتی ئاهەنگی بەهاری ژناندا و لەبەر بانگەوازی "ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" وەک ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمانەی کە ئەنجام دەدرێت لەسەر گەلی عەلەوی و ژنان بە تەواوی قبوڵ ناکەین و نزیکایەتی ئەم ئەقڵیەتە شەرمەزار دەکەین.
"با دەنگمان بەرز بکەینەوە دژی کۆمەڵکوژییەکان"
داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە دەنگ بەرز بکەنەوە و بەرەنگاری ئەم کۆمەڵکوژیانە ببنەوە و ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە، بانگەوازی بەرخۆدان و تێکۆشان لە دژی ململانێی دەسەڵات و عەقڵیەتی جیهادی بەرامبەر هێز و زیرەکی و سۆزی ژن، جارێکی تر داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەین کە دەنگ و ڕەنگی خۆیان لە دژی کۆمەڵکوژی و کوشتاری نامرۆڤانە یەکبخەن، کاتی ئەوە هاتووە دەنگمان بەرزبکەینەوە و خۆمان ڕێکبخەین، داوای ژیانێکی ئازاد و یەکسان و دیموکراتیک و ئاشتیانە بکەین.
ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.