کۆنگرە ستار: بە ئامانجگرتنی هێماکانی ژن، ئامانجگرتنی ویست و ئیرادەی ئازادی ئەوانە

کۆمیتەی هاوئاهەنگی کۆنگرە ستار هێرشەکانی سەر هێماکانی ژن و بەهاکانی گەلی کوردی ئیدانەکرد و حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیار زانی.

حەسەکە – کۆمیتەی هاوئاهەنگی کۆنگرە ستار لە بەیاننامەیەکدا، هێرش و ئاژاوەنانەوەکان شاری حەسەکەی ئیدانە کرد کە هێماکانی گەلی کورد و پێشەنگانی ژنیان کردبووە ئامانج. کۆنگرە ستار ڕایگەیاند کە هەندێک هێز دەیانەوێت فیتنه و دوژمنایەتی لەنێوان گەلانی کورد و عەرەبدا دروست بکەن و حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیار زانی لە پێشگرتن بەو هێرشانە و سزادانی ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوە هەیە.

 

دانیشتوانی ناوخۆ ئاشتی و ژیانی هاوبەشیان دەوێت

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە  ئاژاوەنانەوەکانی ماوەی دواییدا لە حەسەکە ڕوودەدەن، لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا کە دەیانەوێت گەلانی کورد و عەرەب بەرامبەر یەکتر دابنێن و دوژمنایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا قووڵتر بکەن. هەروەها باس لەوە کرا کە بە تایبەتی دوای گەیشتنی گرووپە چەکدارەکانی سەرێکانی، دیرەزوور و شەدادە، هێرشەکان بۆ سەر بەها، هێما، شەهیدان و پێشەنگانی ژنی گەلی کورد زیاد بوون.

 

کۆنگرە ستار ڕایگەیاند کە گەلانی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی حەسەکە سەدان ساڵە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ناسنامە، باوەڕ و بەهاکانی یەکتر پێکەوە دەژین. بەپێی بەیاننامەکە، دانیشتوانی ناوخۆ ئاشتی و ژیانی هاوبەش دەوێت، نەک شەڕ و دوژمنایەتی. بۆیە، هەوڵەکانی دروستکردنی شەڕ لەنێوان کورد و عەرەبدا، خواستی گەلان نین، بەڵکو ئامانجی ئەو هێزانەن کە دەیانەوێت ئارامی ناوچەکە تێک بدەن.

 

ئامانجگرتنی هێماکانی ژن، ئامانجگرتنی ئیرادەی ئازادی ئەوانە

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ئامانجگرتنی وێنەکانی پێشەنگانی ژن، تەنها هێرشێک نییە بۆ سەر بەهاکانی گەلی کورد، بەڵکو نیشانەی بیرکردنەوەی پیاوساڵاری زاڵ و دوژمنایەتی بەرامبەر ژنیشە؛ بیرکردنەوەیەک کە دەیەوێت خەباتی ژنان بۆ ئازادی، ڕۆڵی پێشەنگانەیان لە کۆمەڵگەدا و ئیرادەی سەربەخۆیان سەرکوت بکات.

 

کۆنگرە ستار ئاماژەی بەوە دا کە هەزاران شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە دژی ڕێکخراوی داعش شەڕیان کردووە و ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوەدا گێڕاوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئامانجگرتنی وێنەکانی ئەو پێشەنگانە، کە هێمای بەرخۆدان بوون دژی تاریکیی داعش، بە بیانووی پرۆسەی یەکخستن، نیشانەی هەوڵەکانە بۆ زیندووکردنەوەی هەمان بیرکردنەوە بە شێوازێکی دیکە. ئەمەش لە هەمان کاتدا هێرشێکە بۆ سەر خەباتی مێژوویی گەلانی ناوچەکە کە دژی تیرۆر و توندڕەوی ئەنجام دراوە.

 

کۆنگرە ستار حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیار زانی

کۆنگرا ستار هێرشەکانی سەر وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، شەهیدان، پێشەنگانی ژن و هێماکانی گەلی کوردی بە توندی ئیدانە کرد. کۆنگرە ستار حکومەتی کاتیی بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆ زانی لە پێشگرتن بەو هێرشانە، دابینکردنی ئاسایش و ئارامی لە حەسەکە و کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپانەی دەیانەوێت پێکدادان لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکەن.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە حکومەتی دیمەشق کرا کە هەنگاوی کرداری لە بەرامبەر ئاژاوەنانەوەکانی گەڕەکی خویەراندا بنێت، ئەو کەسانە بناسێتەوە کە دەستیان لەو هێرشانەدا هەیە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە لێپرسینەوە نابێت تەنها لە ئاستی قسەدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی ڕوون و جێی متمانە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی متمانەی کۆمەڵگە بگەڕێندرێتەوە و ڕێ لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە بگیرێت.

 

کۆنگرە ستار ڕایگەیاند کە هەڵوێستی ئەرێنی و بنیاتنەرانەی لایەنی کورد بۆ پرۆسەی یەکخستن، بە مانای قبوڵکردنی نەناسینی ئیرادەی گەلی کورد یان بێدەنگبوون بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر بەها و هێماکانی نییە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە پرۆسەیەکی یەکخستن کە ماف و ئیرادەی گەلان وەک بنەما وەرناگرێت و بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر بەهاکانیان بێدەنگ دەبێت، زیان بە ژیانی هاوبەش دەگەیەنێت. کۆنگرە ستار جەختی کردەوە کە خەبات و چاڵاکییە دیموکراتییەکانی بۆ پاراستنی ماف و ئیرادەی ئازادی گەلەکەی بەردەوام دەکات.

 

بانگەواز بۆ هەڵوێستێکی هاوبەش لە بەرامبەر ئاژاوەکاندا

کۆنگرە ستار لە بەردەوامی بەیاننامەکەیدا بانگی هەموو ژنان، ڕێکخراوەکانی ژنان، هێزە دیموکراتەکان، گەلانی ڕۆژئاوا، گەلی کورد و لایەنە دۆستەکانی کرد. داوای کرد لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کەرامەت، بەها و هێماکانی گەلی کورددا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و لەسەر بنەمای مافە دیموکراتی و یاساییەکان، هەڵوێستێکی هاوبەش بگرن.

 

کۆنگرە ستار جەختی کردەوە کە ڕێگە نادات بە هەوڵەکانی دروستکردنی دوژمنایەتی لەنێوان گەلانی کورد و عەرەبدا و بردنی ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گەورە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هیچ کەسێک ناتوانێت یەکێتیی مێژوویی گەلان، ئیرادەی ژیانی هاوبەشیان و خەباتیان بۆ ئازادی بۆ بەرژەوەندییە تاریکەکانی خۆی بەکاربهێنێت.

 

هەروەها کۆنگرە ستار حکومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیار زانی لە پێشگرتن بە هەموو ئاژاوەکان و هێرشەکانی تا ئێستا لە حەسەکە ڕوویان داوە و ئەوانەش کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن. داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی جدی و ڕوون لەسەر ئەم ڕووداوانە بکەن، لایەنەکانی پشت ئەم هێرشانە ئاشکرا بکەن و ئەو کەسانەی لە پلان‌دانان و جێبەجێکردنیاندا بەشدار بوون، بەرپرسیار بکەن.

 

کۆنگرە ستار لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە پاراستنی بەها و کەرامەتی گەلی کورد مافێکی ڕەوایە و هیچ هێرشێک ناتوانێت ئیرادەی گەلان بۆ ژیانی هاوبەش و ئازادی بشکێنێت.