کۆنفرانسی کوردانی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ بەڕێوە دەچێت

کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، سبەینێ لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت، لە ڕۆژئاوا، باکوور، باشووری کوردستان و چەندین ناوچەی سووریا زیاتر لە ٤٠٠ کەس بەشداری کۆنفرانسەکە دەبن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش چاودێری دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

اگەیەندراوە کە سبەینێ ٢٦ی نیسان، کۆنفرانسی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردان کە ساڵانێکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بە ناونیشانی “کۆنفرانسی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان” لە پارکی ئازادیی شاری قامیشلۆ بەڕێوەبچێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی ئامادەکار، نوێنەرانی هەموو پارتە کوردەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان، کەسایەتییەکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نوێنەرانی ئاینییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کەسایەتییە کوردەکانی شارەکانی شام، حەلەب، حەما، باب و ئەعزاز بەشداری کۆنفرانسەکە دەبن.

 

هەروەها شاندێکی دەم پارتی و دەبەپە لە باکووری کوردستان، نوێنەری حزب و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان ئامادەی کۆنفرانسەکە دەبن.

 

هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باشوور و دەرەوەی وڵاتیشەوە پەیامی حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان دەخوێنرێنەوە.

کۆنفرانسەکە، کاتژمێر ١٠:٠٠ـی پێش نیوەڕۆ، بە بەخێرهاتنی میوانان و هەڵبژاردنی دیوان دەست پێ دەکات، دواتر وتاری کردنەوە لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" دەخوێندرێتەوە.

 

دوای وتاری کردنەوە، میوانان بیروڕا و هەڵسەنگاندنی خۆیان لەسەر کۆنفرانسەکە دەخەنەڕوو، هەروەها ئەو پەیامانەی بۆ کۆنفرانسەکە نێردراون دەخوێنرێنەوە.

 

دوای وتاری کردنەوە و هەڵسەنگاندنی میوانان، کۆنفرانسەکە بە داخراوی و دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام دەبێت.

 

لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا، ڕەشنووسی یەکڕیزی کورد کە پێشتر گفتوگۆی لەسەر کراوە، دەخرێتەڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا، شێوەی کۆتایی وەردەگرێت و پەسەند دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا، بە ڕاگەیاندراوێک ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بۆ ڕای گشتیی دەخرێتەڕوو.

 

بۆ کۆنفرانسەکە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستانی و بیانی بانگهێشت کراون، بەپێی کۆمیتەی ئامادەکار، زیاتر لە ٦٠ دەزگای ڕاگەیاندن و نزیکەی ٢٠٠ ڕۆژنامەنووس چاودێری کۆنفرانسەکە دەکەن.