لە کەرکوک دەربارەی رۆڵی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا سیمینارێک ڕێکخرا
لە شاری کەرکوک، بە ناونیشانی "رۆڵی ژن لە نێوەندگیری و دانووستان و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگە" سیمینار و گفتوگۆیەکی کراوە ڕێکخرا.

ناوەندی هەواڵ
لە هۆڵی دامەزراوەی دیجلە لە شاری کەرکوک، بە ناونیشانی "رۆڵی ژن لە نێوەندگیری و دانووستان و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگە"، ڕێکخراوی ناز بۆ پەرەپێدانی کاروباری ژن و منداڵ لەگەڵ دامەزراوەی دیجلە بۆ پێکەوە ژیان، سیمینار و گفتوگۆیەکی کراوەیان بۆ ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنووس، ژنانی سیاسەتمەدار ڕێکخست.
سیمینارەکە لەلایەن هەردوو ژنە چالاکوان "شکۆفە محەمە" و "د. مەها قەساب" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە سیمینارەکەدا، شکۆفە محەمەد ژنە چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تیشکی خستەسەر سەر رۆڵی ژنان لە دانووساندن و ناوەندگیری و نووسینەوەی دەستوری عێراق بەتایبەتی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس، هەروەها ئەو ژنە چالاکوانە ڕەخنەی لەو ژنانە گرت کە ناوەندەکانی بڕیاردانی وەکو پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانن، کە نەیانتوانیوە خزمەت بە ژنان بکەن چونکە ملکەچی بۆچوونی پارتە سیاسییەکانن ئەمەش هۆکارێکە کە وایکردووە ژنان وەکو پێویست نەتوانن بگەنە ئامانجی خۆیان تاوەکو خزمەت بە دۆزی ژن بکەن.
هەروەها لە سیمینارەکە باس لە جۆر و شێوازەکانی ئاڵنگاریی بەردەم ژن لە ناو کۆمەڵگە کرا و جەخت لەوەش کرایەوە کە خێزان و کۆمەڵگە سەرەکیترین بەربەستی بەردەم ژنە کە لەناو کۆمەڵگە و سیاسەت رۆڵ بگێرێت.