چالاکوانێکی تونسی: پشتیوانی لە خەباتی ژنانی کورد دەکەین
ڕاجا دوهمانی، برپرسی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس ڕایگەیاند، ئەوان بە تایبەتی پشتگیری لە ژنانی کورد دەکەن کە لە سووریا و عێراقدا خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن.

زهور مەشریقی
تونس-ئازادی ڕادەربڕین، مافی تاک و مافەکانی ژنان لە تونس زیاتر باس دەکرێن، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تونس، چالاکوانانی مافی ژنان دەڵێن ئێمە لە دژی ستەم و ستەمکاری دەجەنگین، ڕاجا دوهمانی بەرپرسی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس ڕایگەیاند، پێویستە فشارەکان لەسەر ژنان لە تونس و ئێران و وڵاتانی دیکە ڕابگیرێت، بە تایبەتی پشتگیری لە ژنانی کورد دەکەن کە لە سووریا و عێراق خەبات بۆ ئازادی و کەرامەت دەکەن.
'فشار لە تونس زیادی کردووە'
تونس لە مێژووی سیاسی خۆیدا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، دووبەرەکی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن قووڵتر بووەتەوە، دوای جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکان، ترس لە سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ زیاتر دەبێت، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە فشاری سیاسی و سنووردارکردنی مافی نەیاران لە تونس زیادی کردووە، لەم کەشوهەوا سیاسییە پشێوییەدا مەترسی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی ژنان بەتایبەتی لە بواری مافەکانی ژنان لە بەرنامەدایە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تونس دەڵێن باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان و پاراستنی ئازادی تاکەکان و پاراستنی مافی ژنان پێویستییەکی بەپەلەن.
عەبیر موسا، بەرپرسی پارتی دەستووری ئازاد لە تونس، مانی لە خواردن گرتووە
دەستگیرکردنی سیاسییەکان لە تونس نیگەرانی لێدەکەوێتەوە، عەبیر موسا بەرپرسیی پارتی دەستووری ئازاد لە تونس، لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لێرە لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە، ئەبیر لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دەستگیرکرا، ئەو ڕایگەیاندبوو کە لە زینداندا ئەشکەنجە دراوە و دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، باس لەوەش کراوە کە باری تەندروستی تێکچووە، بۆیە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام حکومەتی تونس ڕایگەیاند کە بەرپرسیار نییە لە تێکچوونی بارودۆخەکەی و پشتگیری لە هەموو ئەو تۆمەتانە دەکات کە ئاراستەی کراوە، هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەستگیرکردنی ئەبیر نیشانەی کەمبوونەوەی ئازادییەکانی تونسە.
"عەبیر موسا زیندانییەکی سیاسییە"
ڕاجا دوهمانی پاڵپشتی بۆ عەبیر موسا دەربڕی و وتی: بە ناوی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونسەوە دەڵێین عەبیر موسا زیندانییەکی سیاسییە و بەرگری لە سەرەتاییترین مافەکانی دەکەین، دەبێت مافی چاودێری پزیشکی و خۆراکی هەبێت، پێویستە ڕێز لە مافی هەموو زیندانییەکان بگیرێت.
ڕاجا داوای لە دەسەڵاتداران کرد کە با دایکی ئەبیر سەردانی بکات.
پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران
هەروەها ڕاجا دوهمانی لە کۆنفرانسێکدا کە لە تونس بەڕێوەچوو، پرسی پێشێلکردنی مافی ژنانی لە ئێران وروژاند، هەروەها ئەنیس حیزالی یاریدەدەری پێشووی سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەو کۆنفرانسەدا ئامادە بوو، ئەنیس پشتگیری لەو سیاسەتانە دەکرد کە شەرعیەتدانن بە ستەمکردن لە دژی ژنان، هەر بۆیەش ڕەخنەی لێگیرا.
"ئێمە پاشەکشە لە مافەکانی ژنان قبوڵ ناکەین"
ڕاجا ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک ناتوانێت هەڕەشە لە مافەکانی ئەو ژنانە بکات کە خەباتی درێژخایەنیان بۆ کردووە و وتی: ئێمە ڕێگە نادەین سیستەمی ستەمکارانەی ئێران لە تونس دابمەزرێت، ئێمە پاشەکشە لە مافەکانی ژنان قبوڵ ناکەین، هەروەها هەر هەوڵێک لە دژی ژنان کە دەیانەوێت کۆنترۆڵی جەستەیان بکەن ڕەتدەکەینەوە، ئێمە ڕێگە بەو کارانە نادەین کە هەڕەشە لە مافەکانی ژنان بکەن، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، خەتەنەکردنی ژن و پراکتیزەکردنی هاوشێوەی ژنان ناکرێ، تەنانەت باسکردنی ئەم پرسانە لەناو کۆمەڵگەی تونسیشدا دەبێتە مەترسی.
پشتیوانی لە خەباتی ژنانی کورد و ژنان لە ئێران
ڕاجا ڕوونی کردەوە کە ئەو بزووتنەوەی ئازادییەی کە لایەن ژنان لە ئێران لە دژی نیزامی ستەمکار دەستی پێکرد، سووڕێکی مێژووییە، هەروەها ڕایگەیاند کە کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس پشتیوانی لە ژنانی ئێران دەکات و وتی: بزووتنەوەی ژنان لە ئێران یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکانی خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە ناوچەکەدا، ژنانی کورد لە سووریا و عێراقیش دژی ستەمێکی گەورە دەجەنگن، ئێمە بە تایبەتی پشتیوانی لە ژنانی کورد لە سووریا و عێراق دەکەین کە لە پێناو ئازادی و کەرامەتدا تێدەکۆشن، هەروەها ئەو بڕیاری لەسێدارەدانە کە لە ئێران دراوە بە چالاکوانانی ژن کە لە دژی ڕژێم یاخیبوون، مەترسیدارە، تەنها لەبەر دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە سێدارە دەدرێن، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، ئێمە تا کۆتایی پشتگیری لە خەبات بۆ ئازادی ژنان دەکەین.
خەباتی ژنانی تونس بەردەوامە
ژنانی تونس بەردەوامن لە خەبات بۆ ماف و ئازادی خۆیان، ئەوان نەک تەنها بۆ ژنانی وڵاتەکەیان، بەڵکو بۆ هەموو ژنان شەڕ دەکەن، کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان لە تونس و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
لە کۆتاییدا ڕاجا وتی: لەگەڵ ژنانی ئێران و کورد بەردەوامین لە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی، هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار ناتوانێت مافەکانی ژنان لەناوببات، ئەم خەباتە لە تونس و ئێران بەردەوام دەبێت.