کۆمەڵکوژی هەلینج یەکێکە لە هەوڵەکانی بنبڕکردنی شۆڕشی ژنان
زەهرا بەرکڵ، هەبوون مەلا خەلیل و ئەمینە وەیسی کە ڕۆڵی خۆیان لە شۆڕشی ژناندا بینی، ناوەکانیان لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوبووەوە، ئەمڕۆ هەزاران ژن لەسەر هێڵەکەیان و تێکۆشانیان بەردەوامن و گورزی قورس له سیستەم دەدەن که ئامانجی کوشتنی ژنانه.
بەرچەم جودی
کۆبانێ-ژنان لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا هەمیشە ناوەندی داهێنان بووە، سەرەڕای هەموو هێرشەکانی سیستمی دەوڵەتی پیاوی باڵادەست، لە هەموو سەدەیەکدا خەبات و دەستکەوتی گەورەیان هەبووە، سەدەی ٢١ لەلایەن ژنانی کوردەوە بە سەدەی ئازادی ژن دادەنرێت، دەبینین لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا هەزاران ژن لە پێکهاتە و نەتەوە و ڕەگەزی جیاوازەوە لە دەوری بیری ئازادی ژن کۆدەبنەوە.
هێزە هەژموونخوازەکان و سیستمی نەتەوە-دەوڵەت لە هەر بوارێکدا وەک هەڕەشە بۆ شکستیان دەیبینن، یەکسەر دەچنە حاڵەتی هێرشەوە و هەوڵی پاراستنی بوونی خۆیان دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت، ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی کاریگەر لەدژی پێشەنگ و پیاوانی ناو پێکهاتەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام کاتێک ژن لەلایەن سیستەمەکەوە کۆیلە کراوە، لە بەرامبەر ئەو هۆشیارییە ڕاپەری و پێشەنگایەتی دەکات لە چاکسازی و گۆڕینی ئەو سیستمەی کە ژنان و پێکهاتەکان ڕووبەڕووی قڕکردن دەکاتەوە.
چۆن ڕووبەڕووی هێرش ببینەوە؟ ئەم ڕاستییە ئەمڕۆ خۆی نیشان دەدات کە مرۆڤەکان دەتوانن دەیان نموونە لەم بابەتە بهێننەوە، بە تایبەتی لە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا دیارە.
ئەو مۆدێلەی لە شۆڕشی ژناندا ئەزموون کراوە، ڕێگای ڕزگارییە
لە سەردەمێکدا کە لە هەموو شوێنێک ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن و نادادپەروەری و کۆچ و دەستدرێژی و جینۆساید دەبنەوە، ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێشەنگایەتی بونیادنانی سیستەم و ژیانێکی ئازاد و یەکسان, دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی دەکەن، لەم بوارەدا ژنان توانیان دەیان دەستکەوتی سیاسی، خۆپاراستن، یاسایی، پەروەردەیی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، ڕۆشنبیری، هونەری بەدەستبهێنن و لە هەموو بوارێکدا بوونی ژنان دەرکەوتووە، لە کۆنگرەی ستارەوە هەتا ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا، ئەنجومەنی ژنانی سووریا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، ژنۆلۆژی، هیلالی زێڕین، ماڵی ژنان، ئابووری ژنان، ئەکادیمیاکانی ژنان، گوندی ژنوار، یاساکانی ژنان، مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی هاوبەش و لە هەڵبژاردنەکاندا، پشکی ژنان بەڕێژەی ٥٠% دەرئەنجامی خەبات و فیداکاری ژنانە.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، سیستمێک کە ئامانجی کوشتنی ژن و مرۆڤە ئازادیخوازەکانە، ڕێگە نادات سیستمێکی ئەڵتەرناتیڤ کە هەڕەشە لە بوونیان بکات، بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، بۆ ئەمە پێشەنگ، سیستەم و ڕێکخستنی شۆڕشی ژنان بە لایەنی سەربازی، شەڕی تایبەت، بۆردومان، شەڕی ئابووری، سیاسی و هتد دەکاتە ئامانج، لەو چوارچێوەیەدا بە تایبەتی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە زۆرترین دوژمنایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن، لە ساڵانی ڕابردوو و تا ئێستا دەیان کۆمەڵکوکوشتنی ژنانیان ئەنجامداوە، ئەو ژنانەی کە فەرماندە و تێکۆشەرن لە بوارەکانی خۆپاراستن، پێشەنگایەتی سیاسەتی دیموکراسی دەکەن، کە ئامانجیان ڕێکخستنەوەی ژن و کۆمەڵگە و بونیادنانی منداڵ و خێزانی ڕەوشتی و سیاسین، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە شێوازی جیاواز وەک کۆمەڵکوژی هەلینج لە ٢٣ی حوزەیران دەکوژرێن.
لەگەڵ کۆمەڵکوژی هەلینج هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی شۆڕشی ژنان دەستیپێکرد
ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، بۆ یەکەمجار، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاستەوخۆ ئەو ژنانەی کردە ئامانج کە ڕۆڵی گرنگیان لە شۆڕشدا هەبوو، دەوڵەتی تورک ماڵی ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری لە گوندی هەلینجی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ بۆردومان کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا زەهرا بەرکەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار هەبوون مەلا خەلیل، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری شێرانە و ئەمینە وەیسی، خاوەنی خانووە بۆردومانکراوەکە گیانیان لەدەستدا، جگە لەوەش زیانێکی زۆریش بەو خانووە کەوتووە کە کراوەتە ئامانج.
ئەم هێرشە، کە ڕوویدا، سەرەتای بەئامانجکردنی ژنان بوو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، کە لە ڕێکخراوی نوێنەرایەتی شۆڕشی ژنان، کۆنگرە ستارەوە دەستیپێکرد و بەردەوام بوو، دەوڵەتی تورک بەم هێرشە بەڕوونی نیازی خۆی لە دژی شۆڕشی ژنان و پێشەنگەکانی نیشان دا.
ناونیشانی بڕیارداری: زەهرا بەرکەل
زەهرا بەرکەل، کە بەڕەچەڵەک خەڵکی گوندی بەرخبۆتانی باشووری کۆبانێیە، لە ساڵی ١٩٨٧ لە خێزانێکی ٥ خوشک و چوار برا لەدایک بووە، لە کۆبانێ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە، لە کۆتاییدا بۆ خوێندنی یاسا چووەتە شاری حەلەب و دوو ساڵ لەوێ خوێندوویەتی، بەهۆی کۆچی دوایی باوکی لە ساڵی ٢٠١٣، زێهرا پاڵپشتێکی سەرسەختی دایکی و خوشک و براکانی بوو کە هەرگیز گلەیی لە بەرپرسیارێتی بنەماڵەکە نەدەکرد و بە پێچەوانەوە بە خۆشەویستی و حەماسەتێکی زۆرەوە خێزانەکەی کۆکردەوە.
زەهراش وەک هەزاران کچ و کوڕی کورد، بەردەوام دڵی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لێدەدا، چونکە پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان توانی لە بواری زمانی دایکیدا پەرە بە خۆی بدات، ئەرکی پەروەردەکردن و فێرکردنی سەدان منداڵ و گەنج و ژنانی بە زمانی کوردی خۆیان گرتە ئەستۆ، بۆیە بەهەمان جۆش و خرۆش و ئیرادە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کرد، گەشتی زەهرا بەرەو ئازادی بەم شێوەیە دەستیپێکرد، بەشداری لە ماڵی ژنان، مانگی سووری کورد، ئەنجومەنی داد، هاوسەرۆکایەتی شارەوانی کۆبانێ و دواجاریش لە ساڵی ٢٠١٨ لە کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، هەنگاو بە هەنگاو پەرەی بە خۆی داو و هەزاران ژنی لە پێکهاتەی جیاوازەوە ڕێکخست، لە هەڵوێست و تەڤگەرەکەیدا بیری ڕزگارکردنی ژنان و درێژەدان بە شۆڕشەکەیان نیشان دا، بەمەش بوو بە یەکێک لە تێکۆشەرانی ئازادی.
شۆڕشگێڕو فەرماندە و پێشەنگی شۆڕش بۆ ماوەی ٢١ ساڵ: هەبوون مەلا خەلیل
هەبوون کۆبانێ ناوی ڕاستەقینەی بەدیە مەلا خەلیل لە ساڵی ١٩٨١ لە گوندی هەلینج لە دایک بووە و لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووە کە پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانیان ناسیوە، لە کاتی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، بڕیاری دا و پەیوەندی بە کاروانەکانی ئازادی کوردستانەوە کرد، کە وەک شۆڕشگێڕێک گەشتەکەی دەستپێکرد، لە سەردەمێکدا کە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ١٩ی تەمووزس دەست پێدەکات، خۆشەویستی هەبوون بۆ خاک و نیشتمانەکەی خۆی دەردەخات و دەبێتە بەشێک لە شۆڕش, دواتر لە قۆناغی بەرخۆدانی کۆبانێ لە دژی چەتەکانی داعش، وەک فەرماندەیەکی یەپەژە بەشداری شەڕەکەی کردو ڕۆڵی خۆی لە گۆڕینی چارەنووسی بەرخۆدانەکەدا بینی، لە کۆتاییدا بە ئەزموونەکانی لە بواری شۆڕش و پێشەنگایەتیدا، پەیوەندی بە کارەکانی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستارەوە کرد، کە سەرەڕای تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، دەستبەرداری خەبات و ڕێگای ئازادی بۆ ژنان نەبوو، هەبوون مەلا خەلیل ماوەی ٢١ ساڵ لە ژیانیدا خزمەتی بە ژنان و کۆمەڵگەکەی کرد.
دایکی شۆڕش: ئەمینە وەیسی
ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ماڵی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا ڕوویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی خاوەن ماڵەکە کە تەمەنی ٥٦ ساڵ بوو بەناوی ئەمینە وەیسی، ئەمینە دایکی دوو کچ و چوار کوڕ بووە، خەڵکی گوندی هەلینج بووە، لە گوندەکەدا بە کەسایەتی تێگەیشتوو و میواندۆست و شۆڕشگێڕ و هەروەها پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای ئۆجالان و تەڤگەری ئازادییەوە ناسرابوو، چونکە دەیان تێکۆشەر و فەرماندەی تەڤگەری ئازادی بە ماڵەکەیدا تێپەڕین، هەروەها لەسەر ئەو پرەنسیپانە منداڵەکانی پەروەردە کرد، بە تایبەتی بۆ کچان، دەرفەتی خۆپێشخستن و بەدیهێنانی خەونەکانیانی کردەوە، و بەبێ پچڕان پشتگیریانی دەکرد، بەم شێوەیە ئەمینە وەیسی وەک دایکی شۆڕش، کارەکتەری دایکی پێشەنگ نیشان دەدرێت.