ئیسرائیل فۆسفۆری سپی لە لوبنان بەکارهێنا

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل فۆسفۆری سپی لەسەر ناوچە مەدەنییەکانی لوبنان بەکارهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە پشتڕاستیان کردووەتەوە ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لانیکەم لە ١٧ شاری باشووری لوبنان تەقەمەنی فۆسفۆری سپی بەکارهێناوە.

 

ڕەمزی کایس، لێکۆڵەری لوبنانی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: بەکارهێنانی تەقەمەنی فۆسفۆری سپی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا دەبێتە هۆی زیانێکی بێ جیاوازی بە خەڵکی سڤیل و دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ واز لە بەکارهێنانی تەقەمەنی فۆسفۆری سپی بهێنێت.

 

ڕاپۆرتی HRW لێکۆڵینەوەی ئەنجامدا و لە گرتەی ٤٧ وێنە و گرتە ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت گولەی فۆسفۆری سپی بەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە پێنج شار و گوندی سنووری لوبنان کەوتووە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا داوای لە حکومەتی لوبنان کردووە ڕێگە بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بدات لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییە بکات.

 

دوای شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپی حیزبوڵڵا لە سنووری باشووری لوبنان و ئیسرائیل، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە لوبنان گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە ٧٠ کەسیان هاوڵاتی مەدەنین، دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون، لە کاتێکدا پێشتر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئیسرائیلیان بە بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی لە ناوچە نیشتەجێبووەکان تۆمەتبار کردبوو.