ڕۆژی جیهانی ژنان ڕۆشنایی دەخاتە سەر یەکسانی جێندەری

تا ئێستا جیاوازی جێندەری لە بواری زانست و تەکنەلۆژیادا پرسێکی جیهانییە، ژمارەی ژنان کە لە بواری تەکنەلۆژیا کاردەکەن لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ٢.١٪ دابەزیووە، سەرەڕای ئەوەی ژنان تەنها ٪١٩ی کۆی هێزی کاری کەرتی تەکنەلۆژیای جیهانی پێکدەهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی نزیکبوونەوە لە ڕۆژی جیهانی ژنان، باسی گرنگی پێشکەوتنی ژنان لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا دێتە کایەوە، لە کاتێکدا چەندین ئاستەنگی هەیە کە ژنان لەم کەرتانەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، جا لە ئەوروپا بێت یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامدرا، کاتێک نزیکەی ١٨٠٠ کەس بۆ یادی ڕۆژی جیهانی ژنان کۆبوونەوە، جەخت لەسەر پێویستی هەوڵەکان کرایەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە هاتنە بواری زانست و تەکنەلۆژیا.

 

 لە کۆبوونەوەکەدا بۆ ئەمساڵ تیشکخرایەسەر پێویستی یەکسانی ژنان لە کارکردن لە بواری تەکنەلۆژیای گشتگیر و گۆڕانکاری پەروەردەی دیجیتاڵی، ئاماژە بەوەشکراوە تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ٪٧٥ هەلی کارەکان پەیوەندییان بە زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری یان بیرکاری هەبووبێت، ژنان تەنها ٪٣٠ هێزی کاریان پێکهێناوە لە ٢٠ گەورەترین کۆمپانیای تەکنەلۆژیای جیهانی.

 

تا ئێستا جیاوازی جێندەری لە بواری زانست و تەکنەلۆژیادا پرسێکی جیهانییە، ژمارەی ژنان لە بواری تەکنەلۆژیا کاردەکەن لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ٢.١٪ دابەزیووە، سەرەڕای ئەوەی ژنان تەنها ٪١٩ی کۆی هێزی کاری کەرتی تەکنەلۆژیای جیهانی پێکدەهێنن.

 

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە جیهانییەکان بە ئامانجی گەشەپێدانی ژنان و بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری، بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندن ڕێژەی کەمی ژنان لە کارکردن لە بواری تەکنەلۆژیا لە جیهان لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بە تایبەت لە وڵاتانی هەژارنشین بە شێوەیەکی زیاتر دەبینرێت، لە کاتێکدا ژنان لە ڕووی تواناوە پێشەنگن لە بواری کارکردن لە تەکنەلۆژیا.

 

بە پێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن ژنان و پیاوان لە وڵاتانی جیهان بەم شێوەیە بووە، ئەوروپا ژنان ٪٨٩ و پیاوان ٪٩٠، وڵاتە عەرەبییەکان ژنان ٪٦٥ و پیاوان ٪٧٥ بووە، لە ئەفریقا ژنان ٪٣٤ و پیاوان ٪٤٥ بووە، هەروەها بە پێی ئامارەکانی ٥١ وڵات کە کۆکراوەتەوە، ٪٣٨ ژنان بە شێوەی ئۆنلاین ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.