سەبارەت بە کامپی هۆل عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق و ڕێكخراوەكانی پەیوەندیدار، سەبارەت بە گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەكان لە كامپی هۆل كۆدەبێتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

کامپی هۆل یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکانی جیهان، لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ خێزانەکانی داعش لە باغۆزەوە بەرەو کامپی هۆل گوازرانەوە، شانە نوستووەکانی داعش پاش شکستەکەیان لە باغۆز دەرفەتیان بۆ ڕەخسا خۆیان لە کامپەکە ڕێکبخەنەوە و ژنان و منداڵانیش ڕاهێنانیان پێکراوە، ٥٤ هەزار کەس لە خێزانی داعش لە کە خەڵکی ٦٠ وڵاتی جیاوازن لە کامپەکەدا هەن، کە زۆرترینیان ژن و منداڵن.

 

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەرایەتییەكان و ڕێكخراوەكانی عێراق كۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دیدگای حكومەتی عێراق سەبارەت بە كامپی هۆل و ئامادەکاریی بۆ چۆڵکردنی کامپەکە.

 

ڕاشیگەیاندووە، حكومەت داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، كە داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە بكات، كە هاووڵاتییان لە كامپی هۆل هەیە، بە زووترین كات هاووڵاتییەكانیان بگەڕێننەوە و ئەم كامپە دابخەن، كە بووەتە شوێنێكی گەورەی مەترسیدار.

 

ئەوەشی ئاشکراکرد، حكومەتی عێراق توانیویەتی ١٠ كاروانی خێزانە عێراقییەکان لە كامپی هۆلەوە بگەڕێننەوە بۆ وڵات، كە پێكهاتبوون لەهەزار و ٣٩٣ خێزان، كە بە تێكڕا دەكاتە پێنج هەزار و ٥٦٩ كەس.