ژنانی سەمسور: ئەوانەی بە تەنها جێیان هێشتووین داوای دەنگمان لێ نەکەن

سەمسور کە بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانی زۆری بەرکەوت، دۆخی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە خراپە وهێشتا زۆرێک لە پێداویستییەکانیان دابین نەکراوە، دانیشتوانی سەمسور ئاماژەیان بەوەکرد ئەوانەی بە تەنها جێیان هێشتوون با نەچنە لایان داوای دەنگیان لێ نەکەن.

 

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور-دوای دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی ٦ی شوبات، ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەکان لە سەمسور ڕووخان و دانیشتوانی شارەکە لەو کاتەوە لە دۆخێکی سەختدا دەژین، لەو شارەی کە بۆ ماوەی زۆرێک لە ڕۆژەکان باران دەبارێت، هەندێک کەس لەناو کابینەداا دەمێننەوە و زۆربەی ئەو کەسانەی کە کابینەیان بۆ دابین نەکراوە، هێشتا لەژێر بارانو چادردا دەژین، لە لایەکەوە، کارەکانی لابردنی بینا رووخاوەکان لە شارەکە بەردەوامە، لە لایەکەوە چەندین بینای زیانبەرکەوتوو هەن، خەڵکی شارە ڕووخاوەکان هەوڵدەدەن لە بارودۆخێکی سەختدا بەردەوام بن لە ژیانیان، لە لایەکی دیکەوە حیزبە سیاسییەکان دەچنە بۆ شارەکە بۆ هەڵواسینی پۆستەر و بلبۆرد بۆ هەڵبژاردنەکان، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک و دەڵێن: ئەوانەی ئێمەیان بە تەنها لەژێر بینا ڕووخاوەکاندا جێهێشتووە نابێت داوای دەنگدانمان لێبکەن.

 

چەندین کێشه له شارەکه چارەسەر نەکراون

دانیشتوانی سەمسور بۆ دەستکەوتنی خواردنەوەی ئاو و خۆراک و بەرهەمەکانی پاککردنەوە لە زەحمەتیدان و زۆر کەمن و تەوالێتیان نییە، ئەو کەسانەی کە ماڵەکانیان بە "زیانی کەم" دەستنیشان کراون، چوونەتەوە ناو ماڵەکانیان و ئەوانەی لە چادرەکاندا دەژین هەوڵ دەدەن ڕۆژەکانیان بە پشتیوانی بەسەر بەرن، هەرچەندە دوو مانگ تێپەڕیوە، بەڵام زۆرێک لە پێداویستییەکان جێبەجێ نەکراون و کێشە سەرەکییەکان هێشتا بەردەوامن، لەم کاتەدا حیزبە سیاسییەکان هەڵمەتی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە، ئەوەش کاردانەوەی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

"ئێمە بە تەنیا لە کارەساتدا جێهێڵدراوین"

خەفرە یەتکین، یەکێکە لەو کەسانەی کە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، ئاماژەی بەوەکرد دوای بوومەلەرزەکە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەرەوەی ماڵەکەی مایەوەو وتی: لە هەموو شوێنێک باڵەخانە ڕووخاوەکان هەبوون، هەمووان هاواریان بۆ یەکتر دەکرد، سێ ڕۆژ دوای بوومەلەرزەکە، دوای ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە ژێر وێرانەکاندا گیانیان لەدەستدا ئافاد هات، هەندێک لە ڕزگاربووەکان گیانیان لەدەستدا و ئەوانەی ماونەتەوە نیوە زیندوون، بارودۆخەکە زۆر خراپە، کەس نازانێت چی بڵێت، ناتوانم بڵێم بۆ چی ژیاوین بۆ ماوەی هەفتەیەک لەسەر شەقامەکان ماینەوە، ئاو و خۆراک نەبوو، لە هەموو شوێنێک وێرانی بوو، منداڵەکانمان بەردەوام دەگریان، کێشەی زۆر هەبوو، خەڵک نەیاندەزانی چی بکەن، ئێمە لە کارەساتدا بەتەنیا ماینەوە.

 

"بۆ دەنگ با لە دەرگامان نەدەن"

خەفرە یەتکین ئاماژەی بەوەکرد ئەو کەسانەی لە کاتی ڕووداوەکەدا بە تەنیا بەجێیانهێشتن با لە کاتی دەنگداندا نەچنە بەردەم دەرگاکانیان و وتی: دوای چەند ڕۆژێک، ئێستا هاتوون بۆ دەنگدان کاردەکەن، با دەرگاکەمان نەکەینەوەو لە کاتی دەنگداندا پێویستە هەموو کەسێک بزانێت دەنگ بە کێ دەدات، کاتێک ئەوان دێن بۆبەر دەرگاکانمان، پێیان دەڵێین: تا ئێستا لە کوێ بوون، لە ئێستاوە مەیەن بۆ بەر دەرگاکانمان، ئێمە هەموومان هێشتا لەژێر داروپەردووداین، تەرمەکان هێشتا لە ژێر بینا ڕووخاوەکان

دەردەهێندرێن.

 

"حکومەت هەرگیز نەهات بۆ ئێرە"

گولێ یەکتین باسی لەوە کرد کە ترس و بێچارەیی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هێشتا بەردەوامە و وتی: منداڵەکانمان لەو ڕۆژەوە دەگرین، ئێمە بەزۆر چادرمان دەستکەوت، لەو شوێنەی کە خەوتین، هیچ شتێک نەبوو لەبەری بکەین، تەنانەت نەماندەتوانی بۆ هیچ شوێنێک بڕۆین، هێشتا بوومەلەرزە هەیە لێرە، کەس دەربارەی ئێمە ناپرسێت، ئاو نەبوو، هیچ خواردنێک، هیچ، ئەو کەسانەی کە ئۆتۆمبێلیان هەبوو دەچوونە ناوی، ئێمە لە دەرەوە ماینەوە، حکومەت هیچ شتێکی بۆ ئێمە نەکرد، هه رگیز نه هاتووه بۆ ئه م شوێنانه.