فیلمی "کۆبانێ" لە ڤیەننا وەک هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی بوومەلەرزەکە نمایشکرا

فیلمی درێژی "کۆبانێ" لە ڤیەننا نمایشکرا، داهاتی ئەو ئێوارەیە وەک پاڵپشتییەک بەخشرایە ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی ڕۆژی سووری کوردستان بۆ زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزکە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە فیلمی "کۆبانێ" لە ڤیەننا نمایشکرا، وەک هاوسۆزی و پاڵپشتی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، سوریا و تورکیا، لەسەر بانگهێشتی کەمپەینی "بەرگری لە کوردستان" خەڵکێکی زۆر هاتن و هۆڵی سینەمای TOP یان بۆ سەیرکردنی فیلمەکە پڕکرد، کە تیشک دەخاتە سەر خەباتی قارەمانانە بۆ ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی داعش.

 

داهاتی ئەو ئێوارەیە بەخشرایە ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی ڕۆژی سووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە زیانلێکەتووانی بوومەلەرزەکە، ڕێکخراوی ڕۆژی سووری کوردستان "هیلالی سووری کوردی"یە، کە لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەڵمانیا دامەزراوە.

 

دەربارەی فیلمەکە:

فیلمی کۆبانێ لە لایەن کۆمۆنی فیلمی ڕۆژئاواوە باس لە بەرخۆدانی کۆبانێ دەکات لە دژی داعش، کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤دا شارەکەیان گەمارۆدا، کۆبانێ بووەتە هێمای هیوا لە سەرانسەری جیهاندا، یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنان بۆ ماوەی ١٣٥ ڕۆژ، شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ شەڕیان کرد بۆ ئازادکردنی شارەکە لە ساڵئ ٢٠١٥ ئازادکردنی شارەکە ڕاگەیەندرا.

 

فیلمەکە باس لە ژیانی زەهرا دەکات کە خەباتکارێکی تەمەن ٣٢ ساڵە، کاتێک فەرماندەی یەکەکەی هەڵدێت، ئەو پێشەنگایەتی دەکات، بە هەوڵێکی زۆرەوە یەکینەکانی پاراستنی کورد یەپەژە-یەپەگە سەرکەوتوو دەبن لە شکاندنی گەمارۆی کۆبانێ لە دژی باڵادەستی سەربازیی داعش و لە ئازادکردنی شارەکە.

 

بۆ ئامادەکردنی فیلمەکە ئۆزلەم یاشار دەرهێنەر و سیناریۆنووس میدیا دۆز لەگەڵ سەدان شایەتحاڵ و شەڕڤان کۆبونەوە، فیلمەکە بە تایبەتی باس لە بەرخۆدانی ژنان دەکات لە شارەکانی کۆبانێ و تەبقە لە باکووری سووریا وێنەگیراوە، بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وێنەگرتن دواکەوت.

 

تۆمارکردنی فیلمی "کۆبانێ" بە شێوەیەکی سەرەکی لە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە پێکهاتوون کە بەشدارییان لە ئازادکردنی شارەکەدا کردووە، بۆ نموونە ئاوار عەلی، یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکان کە ڕۆڵی شەڕڤان گەلهات دەگێڕێت، هەروەها بەشێک لە ئەندامانی لیوای الشمال لە دەرهێنانی ئەبو لەیلا، هەروەها کارەکتەرە لاوەکییەکانی وەک ئەو دایکانەی کە خواردنیان بۆ شەڕەڤانان ئامادەکردووە، تیمەکانی دەرمانی فریاگوزاری سەربازی یان ئەوانەی گۆڕیان بۆ مردووەکان هەڵکەندووە.

 

فیلمەکە بە زمانی کوردییە و پێشتر لە سینەما جۆراوجۆرەکانی ئەڵمانیا بە ژێرنووسی ئینگلیزی نمایش کراوە، نمایشکردنی لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە کۆبانێ بوو.