ڕێکخراوی ژنانی ڕادیکاڵ پەیامێکیان ئاڕاستەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد
ڕێکخراوی فێمینیستی سۆسیالیستی ژنانی ڕادیکاڵ "ژنانی ڕادیکاڵ"ی ئەمریکا و ئوسترالیا بە پەیامێک پشتگیرییان لە تێکۆشانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی فێمینیستی سۆسیالیستی ژنانی ڕادیکاڵ "ژنانی ڕادیکاڵ"ی ئەمریکا و ئوسترالیا لە پەیامێکدا کە لە لایەن هێلین گیلبێرت، ڕێکخەری نیشتمانی ژنانی ڕادیکاڵی ئەمریکا و دێبی برینان، ڕێکخەری نیشتمانی ژنانی ڕادیکاڵەکانی ئوسترالیا واژۆکراوە، پشتگیری خۆیان لە تێکۆشانی ژنان نیشانداوە و ڕایاندگەیاندووە، لە غەززەوە تا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەودیو، پاڵپشتی هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە دژی جینۆساید و وێرانکاری تێدەکۆشن.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:
"بۆ خوشکە ئازاکانمان لە سووریا
ژنانی ڕادیکاڵ پەیامی پشتیوانی شۆڕشگێڕانە و فێمینیستەکانی لە ئەمریکا و ئوسترالیا ڕادەگەیەنێت، ژنان ئەوانەن کە بەهۆی ڕژێمی بەعسەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە ئێوە دەستنیشانتان کرد کە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ پێویستە لە ڕێزەکانی پێشەوە بن. ئێوە زۆر دەمێکە بارگرانی دڕندەیییەکی ئیمپریالیستەکانتان هەڵگرتووە. ئێوە بەرخۆدانتان کردو فشاری دەوڵەتێکی تر قەبوڵ ناکەن، ئیرادەی ئێوە ئیلهام بەخشە بۆ هەموو خەڵکی ستەملێکراوی جیهان و تەنانەت ئەوکەسانەی کە لە ناو زلهێزە ئیمپریالیستەکاندان.
سڵاو لە تێکۆشانی مێژوویی ژنانی سووریا کە لە پێناو مافە یەکسانەکانی خۆیاندا تیکۆشان دەکەن، ئەو بەرەیەی ئێوە بە ژنانی نەتەوە و ئایینەکانی کەمینە دروستتان کردووە، نموونەیەکی بەهێزە بۆ هەموو بزووتنەوەکان لە هەموو شوێنێک، وەک بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی ژنان، بڕوامان وایە کە ئازادی ژن بە واتای کۆمەڵگەیەک دیموکراتیک و یەکسانە، کە هەر کەس دەتوانێت تێیدا بژی، ئێمە وەک فێمینیستە سۆسیالیستەکان، لە غەززەوە تا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاڵپشتی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دژی جینۆساید و وێرانکاری تێکۆشان دەکەن.
ژن، ژیان، ئازادی"