ڕێکخراوەکانی ژنان: پشتگیریکردنی کوشتنی دۆسکی ئازاد هانی زیادبوونی کوشتن دەدات
ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کوشتنی دۆسکی ئازاد دەکەن و ئاماژەیان بەوەدا "پشتگیریکردن و پاڵپشتیکردن لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان، سیمای دواکەوتویی و بڕوانەبوونە بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی جێندەری".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-doskiazad-jpg25b51b-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دۆسکی ئازاد، گەنجێکی ٢٣ ساڵە لە ٣١ی کانوونی دووەم، بە کوژراوی لە گوندی بابۆخکێی سەربە ناحیەی مانگێش لە پارێزگای دهۆک بە کوژراوی دۆزرایەوە، دواتە دەرکەوت کە لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت بەهۆکاری ئەوەی ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە بۆ مێ و بکوژەکەش لە ئەوروپا دەژی و هەڵهاتووە.
لەسەر کوشتنی دۆسکی ئازاد، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان، مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی کوشتنەکە دەکەن، داواش دەکەن دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش لە ڕێگای 'پۆلیسی ئینتەرپۆڵ'ـەوە کار بکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانباری هەڵهاتوو.
دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:
بە تووندی سەرکۆنەی کوشتنی "دۆسکی ئازاد"، دەکەین و بە ئەرکی هەموو ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگەی دەزانین بەرانبەر ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە بووەستنەوە.
پشتگیریکردن لەم کردەیە بە پاڵپشتی و هاندان بۆ کوشتنی جیاوازییەکان هەژمار دەکەین. لە هەمان کاتدا، داوا لە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە لە ڕێگای 'پۆلیسی ئینتەرپۆڵ'ـەوە کار بکرێت بۆ دەستگیرکردنی تاوانباری هەڵهاتوو، بۆئەوەی چیتر بکوژەکان هیچ پەناگە و دەرچەیەکی هەڵهاتنیان نەبێت لە دەربازبوونیان لە سزای یاسایی.
نابێت هیچ کەسێک لەژێر هەر بیانوویەکدا دەسەڵاتی کوشتنی هاووڵاتی هەبێت، هەر جیاوازییەک جا جێندەری، ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت؛ دەبێت بەڕێگای گفتووگۆی ئاشتیانە و دوور لە تووندوتیژی کاری لەسەر بکرێت، لەچوارچێوەی مافی مەدەنیی و مرۆڤایەتیدا بێت؛ بە پلەی یەکەم مافی مرۆڤ پێوەری مامەڵەکردن بێت لەگەڵ جیاوازییەکاندا.
پشتگیریکردن و پاڵپشتیکردن لە تاوانەکانی کوشتنی ژنان، سیمای دواکەوتویی و بڕوانەبوونە بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی جێندەری.
ڕێکخراوەکانی بەشداری بەیاننامەی هاوبەش بوون:
ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO))
ڕێکخراوی ئیمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
پڕۆژەی ژن ژیانە مەیکوژە
ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO) )
ڕێکخراوی ئاسودە
ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی (WADI)
ڕێکخراوی دەنگی پیران (VOP& Fam)
ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان( WOLA)
ڕێکخراوی ئازادبوون
ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەو زانیاریەکانی جێندەر
یەکیەتی ژنانی کوردستان
ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ( DHRD)
ڕێکخراوی ڕووناکبیری و ڕاگەیاندنی ژنان
پلاتفۆڕمی نا بۆ توندوتیژی و کوشتن P.N.V.K) )
ڕێکخراوی خانزاد
کۆبەندەی ژنان دەتوانن - كوردستان
ڕێکخراوی نوێ لە هەڵەبجە
تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە سوید
کۆمیتەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ئوستورالیا
ڕێکخراوی ژنانی کوردو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا( KMEWO)