ڕێکخراوەکانی ئەنفال لە چەمچەماڵ داوای بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئەنفال دەکەن

لە چەمچەماڵ بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ئەنفال داوای بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی کارەساتی جینۆسایدی ئەنفالی گەلی کوردیان کرد، هەروەها، داوایان کرد چیتر تاوانباران داڵدە نەدرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ هاوکات لە ساڵیادی دادگاییکردنی ڕژێمی سەدام و حوسێن و دار و دەستەکەیدا، لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی ئەنفال، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داوای بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەنفالیان کرد.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، تۆمەتبارانی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال بە سزای خۆیان بگەیەنن، کە ژمارەیان ٤٢٣ تۆمەتبارە و لە لایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە داڵدە دراون.

 

وتیان: داواکارین پەڕلەمانی داهاتووی هەرێمى کوردستان ڕۆژی ٢١ی ئاب بکات بە ڕۆژی دادپەروەری لە هەرێمى کوردستان، داوای ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانی کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد کە ژمارەیان ٤٢٣تۆمەتبارە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن بە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دەکەین.

 

ئاژماژەیان بەوەشکرد، پێویستە ناوی ئەو تۆمەتبارانە ڕادەستى پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەر پووڵ بکرێن بە مەبەستى دەستگیرکردن و دادگایی کردنیان.