ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: زیندانەکانی تورکیا گۆڕاون بۆ جێگەی پێشلکردنی شکۆی مرۆڤایەتی

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاساییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا کە دەربارەی مافی زیندانیان لە گرتووخانەکانی تورکیادا تۆماریان کردووە ئاماژەیان بەوەدا؛ زیندانەکانی تورکیا گۆڕاون بۆ جێگەی پێشلکردنی شکۆی مرۆڤایەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

لقی شرناخی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی "ئۆهەدە"، لقی شرناخی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ "ئیهەدە"، سەندیکای پارێزەرانی شرناخ و توهای-دەری ئامەد، بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشلکاریانەی کە لە زیندانی شرناخ لە دژی زیندانیان ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ١٣ زیندانییدا دیداریان ئەنجام دابوو.

 

ئەمڕۆ لە ناوەندی ئیهەدە ڕاپۆرتەکە بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. پێش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، ئەندامی ئۆهەدە پارێزەر دیلان ئەلچی قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا لەسەر داوای زیندانییەکان و کەسووکارەکانیان سەردانی گرتووخانەکانیان کردووە و چاویان بە زیندانیکراوان کەوتووە. دیلان ئەلچی ئاشکرای کرد هەموو ئەو پێشێلکاریەیان لە ڕاپۆرتەکەیاندا تۆمارکردووە کە لە گرتووخانەی جۆری 'تی' شڕناخ کۆیان کردووەتەوە و ڕاپۆرتەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.

 

دواتر لەلایەن پارێزەر عەلی عادل، بەڕێوەبەری لقی ئیهەدەی شڕناخ ڕاپۆرتەکە خوێندرایەوە و ئەم خاڵانەی خستەڕوو:

* لە گرتووخانەکاندا هەموو مافێکی زیندانییە نەخۆشەکان پێشل دەکرێت.

* لە کاتی پشکنینی ژوورەکانی زینداندا پێشلکاری دژی مافی زیندانیان دەکرێت و دژی ئەو زیندانیانەی ناڕەزاتەی نیشان دەدەن دەستوەردانی جەستەیی ئەنجام دەدرێت.

* لە کاتی دیداری کراوەی خێزانەکاندا، پاساوانەکان مافە ژیانییەکانی خێزانەکان پێشل دەکەن، دیدارەکان بە گوێرەی یاسا ئەنجام نادرێت.

* پێدانی پەرتووک بۆ زیندانیان لە شەش کتێبەوە کەم کراوەتەوە بۆ یەک پەرتووک، هەروەها پەرتووکی کوردی نادرێتە زیندانکراوەکان.

لە کۆتاییدا عەلی عادل بانگەوازی لە ڕای گشتی کرد لە دژی ئەم پێشلکاریانە بوەستنەوە، ئاماژەی بەوەشدا پێویستە بەرپرسانی دەوڵەت پێوەر و  مافی زیندانیان جێبەجێ بکەن.